هەفتەی داهاتوو شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا سەردانی عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو شاندێکی بازرگانیی ئەمریکی کە لە ژمارەیەک گەورە کۆمپانیای ئەو وڵاتە پێکدێت، سەردانی عێراق دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت سەردانەکە لە بوارەکانی ئاسایش، ژێرخان و وزەوە پەیوەندیی واشنتن و بەغدا بەهێزتر بکات.
رۆژی هەینی 4ـی نیسانی 2025 فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری دەرەوە رایگەیاند، شاندەکە هەفتەی داهاتوو دەگەنە بەغدا و پێشبینی دەکرێت رێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیای General Electricی ئەمریکی و وەزارەتی کارەبای عێراق بکرێت، بۆئەوەی پەرە بە کەرتی کارەبای عێراق بدرێت.
ئەو راوێژکارەی سوودانی ئاماژە بەوەش دەکات، رێککەوتنی نێوان کۆمپانیا ئەمریکی و عێراقییەکە یارمەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی کارەبای عێراق دەدات، کە ئێستا دەگاتە 48 هەزار مێگاوات.
فەرهاد عەلائەدین دەشڵێت، لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا، ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق پەرەپێداوە و واشنتن رۆڵێکی گرنگتر لە بووژانەوەی ئابووریی عێڕاق دەگێڕێت.
سەردانی شاندە ئەمریکییەکە بۆ بەغدا لەلایەن ژووری بازرگانیی عێراقەوە رێکخراوە و پێشبینیش دەکرێت جگە لە رێککەوتنی پەرەپێدانی کەرتی کارەبای عێراق، ژمارەیەک رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی دیکەی لەنێوان هەردوولا واژۆ بکرێت.
فەرهاد عەلائەدین ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕێکی بەرچاوی گازی هاوەڵ لە عێراق بەهۆی نەبوونی ژێرخانی پێویستەوە دەسووتێندرێت، عێراق دەیەوێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە سوود لە توانای کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەربگرێت.
سەردانی شاندە بازرگانییەکەی ئەمریکا بۆ عێراق لە کاتێکدایە، عێراقیش بەدەر نەبوو لە پێناسە گومرگییەکان، کە سەرۆکی ئەمریکا شەوی چوارشەممە 2-4-2025 بەسەر وڵاتانیدا سەپاند. ترەمپ پێناسی گومرگی بە رێژەی 39٪ بەسەر عێراقدا سەپاند.