لە ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەیەکی عێراق باوەشێنی نەخۆش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی لە کارکەوتنى ئامێرى فێنککەوەرى نەخۆشخانەیەک لە زیقار، کارمەندانى تەندروستى ناچار دەکات لە ژوورى نەشتەرگەرى باوەشێن لە خۆیان و نەخۆشەکە بکەن. ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکەش لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ گۆڕینى گرێبەستى خزمەتگوزارییەکانى نەخۆشخانەکە.
ئەو رووداوە لەدووی نیسانى 2025 لە نەخۆشانەى ناسڕیە روویداوە، کە تەنیا نەخۆشخانەى حکومییە لەشارەکە و بە نەخۆشخانەى تورکى ناسراوە، بەڵام دیمەنى باوەشێنکردن لەنێو نەخۆشخانەکە سێی نیسان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.
ئەمڕۆ هەینى چواری نیسانى 2025، ئەحمەد ئیبراهیمى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو ئەنجوومەنە کۆبوونەوەیەکى لەناکاوى لەبارەى ئەو کێشەیە کردووە و لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستى خزمەتگوزارى نەخۆشخانەکە، کە هۆکارى ئەو کێشەیە بووە."
ئەو نەخۆشخانەیە لەلایەن کۆمپانیایەکى تورکییەوە دروستکراوە و لە مانگى کانوونى دووەمى ئەم ساڵەوە خزمەتگوزارییەکانى دراوەتە کۆمپانیایەکى قەتەرى.
ئەحمەد ئیراهیمى، گوتى: "کێشە لە گرێبەستەکەدا هەیە کە دەڵێت ئەو کۆمپانیایەى کارە خزمەتگوزارییەکان وەردەگرێت چاکسازى بۆ ئامێرەکان دەکات نەک چاککردنەوە، لە چوار یەکەى فێنککەرەوەى ناوەندیى نەخۆشخانەکە، دووانیان پێش کارکردنى کۆمپانیا قەتەرییەکە لەکارکەوتوون و ئەویش دەڵێت، بەگوێرەی گرێبەستەکە ئامێرى شکاو چاک ناکەمەوە."
گرێبەستەکە بۆ خواردنى نەخۆش، کارمەند، بەڕێوەبردن، سیکوریتی، چاکسازى و پاککردنەوەى ئامێرەکانى نەخۆشخانەکەیە.
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار گوتى: "نەخۆشخانەکە زیاتر لە 150 ملیار دینارى تێچووە، بەڵام بەگوێرەى گرێبەستى خزمەتگوزارى لەگەڵ کۆمپانیا قەتەرییەکە، کە بۆ دوو ساڵە، دەبێت زیاتر 123 ملیار دینارى پێ بدرێت".