پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بەرنامەی کاردایە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و جارێکی دیکە خوێندنەوەی دووەمی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 04-02-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کاژێر 4ـی دوانیوەڕۆ دەستپێبکات و بەرنامەی کاریش بریتییە:
- دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای کۆلێژی ئیمام ئەعزەم.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ژمارە 12ـی ساڵی 2018.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری فەرمانی ژمارە 15ـی ساڵی 2004 لەبارەی تاپۆکردنی زەوییە نیشتەجێبووەکانی کارمەندانی کۆمپانیای پاڵاوگەی واست/دۆرە.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە 53ـی ساڵی 2017.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پشتیوانیی پڕۆژە بچووکەکانی داهات ژمارە 10ـی ساڵی 2012.
لە رۆژی 23-02-2023ـەوە ئەمە سێیەم جارە خوێندنەوەی دووەمی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەخرێتە بەرنامەی کارەوە. دووجاری دیکە خراوەتە بەرنامەی کار، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان دواخراوە.
بەگوێرەى هەموارى یاساکە کە خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە، پێشنیازکراوە هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان یەک یاسایان هەبێت و لەیەک رۆژدا بکرێن و ژماردنى دەنگەکانیش بە هەردوو رێکارى ئەلیکترۆنى و دەستی دەکرێت، بەڵام ئەگەر جیاوازی لە دەنگەکاندا هەبوو، پشت بە ژماردنى دەستی دەبەسترێت.
هەروەها لە هەموارەکەدا هاتووە، هاووڵاتییانى دەرەوە بەشداریى هەڵبژاردن دەکەن؛ هاوکات پەرلەمانتارى براوە دەبێت لە ماوەى مانگێک دواى دانیشتنی یەکەم، سوێندى یاسایى بخوات، ئەگەرنا جێگرەوەى بۆ دادەنرێت.
لە کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى ئاماژە بەوە کراوە، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى دیکە دەکرێت کە نابێت لە ساڵێک زیاتر تێپەڕ بکات.
دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵى 2013 کرا، پێش ئەوەی لە 2019 بە بڕیارى پەرلەمان ئەو ئەنجوومەنانە سڕ بکرێن.