بڕیاری دەستگیرکردن بۆ چوار بەرپرسی پێشووی عێراق دەرکرا

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چوار گەورە بەرپرسی حکومەتەکەی مستەفا کازمی دەرکرد. وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی تێدایە.
 
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: بەهۆی دەرکەوتنی بەڵگەی نوێی کە ئاماژە بە تێوەگلانی ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی حکومەتی عێراق دەکات لە 'دزینی پارەکانی سپاردنەکانی باج'، دادگەی دووی کەرخی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 4 گەورە بەرپرسی حکومەتی پێشوو دەرکرد.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو بەرپرسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە لە ئەحمەد نەجاتی، سکرتێری تایبەتیی مستەفا کازمی، سەرکوەزیرانی پێشووی عێراق، موشترەق عەباس، راوێژکاری مستەفا کازمی، عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق و رائید جۆحی، بەرپرسی نووسینگەی مستەفا کازمی پێکهاتوون.
 
فەرمانەکانی دادگە دەرکراون پاڵپشت بە مادەی 316ی یاسای سزادانەکان کە تۆمەتبارکراون بەوەی 'ئاسانکاریان کردووە، بۆ دەستگرتن بەسەر سپاردەکانی باج و فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوە دەرچووە'، ئەمەش پاڵپشت بە مادەی (184/ئەلف) لە یاسای دادگەی تاوانەکان.