بەغدا بۆ قەرەبووى خانەنشینانى بەر لە 2022 داواى روونکردنەوە لە دادگەى فیدراڵى دەکات

04-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵى لە بارەى "پابەندى خەرجکردنى شایستەى دارایی" هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بەر لەساڵى 2022 دەڵێت، بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و بۆ ئەوانەی پێشتر نییە. بەگوتەى ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق و پسپۆرێکى یاسایی، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە هاوتاکردن خانەنشینانى بەر لەو ساڵە نەگرێتەوە، "پێچەوانەى بڕیارەکانى دادگەکەیە".  
 
ئەو روونکردنەوەیەی دادگەی فیدراڵی وەڵامێکە بۆ نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، کە داوای روونکردنەوەی لە دادگەکە کردووە، لەبارەى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشیانى هەرێمى کوردستان بەر لە 2022.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە 20ـی کانوونى دووەمى 2025 ئاراستەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى کردووە روونکردنەوەى داوە لە بارەى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لە هەرێمى کوردستان. 
 
وەزارەتەکە پرسیاری کردبوو، ئایا بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 23ـی تشرینى دووەمى 2022 بۆ هەڵوەشاندنەوەى یاسای خانەنشینى هەرێمى کوردستان وادەکات شایستەى دارایی ئەو کەسانەى بەر لە رۆژى بڕیارەکەى دادگە، خانەنشینبوون، جیاوازی مووچەی هاوتاکراویان بۆ خەرج بکرێت یان نا؟   
 
دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق 23ـی تشرینى دووەمى 2022 لەسەر سکاڵاى ژمارەیەک لە خانەنشینان، حکومەتی هەرێمی کوردستانى بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی هەموارکراوی عێراق پابەند کرد و یاسای خانەنشینى ژمارە 27ـی ساڵی 2006ـی هەرێمى کوردستانى هەڵوەشاندەوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو پرسە پێویستى بە پرسیارێکى دیکەیە کە ئاراستەى دادگەى فیدراڵى بکرێت بەوەى ئەگەر خانەنشینانى هەرێمى کوردستانى بەر لە 2022 بە یاسای خانەنشینى یەکگرتووى عێراق مووچەکانیان هاوتا نەکرێت، بەکام یاسا هاوتا دەکرێت؟."
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە 21ـى شوباتى 2024 بە بڕیارێک هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پەیوەستکرد بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت و مانگانە بدرێت و مووچەى خانەنشینانیش هاوتا بکرێت.
 
جەمال کۆچەر رایگەیاند؛ ئەگەر لەسەر بنەماى ئەو روونکردنەوەیە، هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینى تەنیا ئەوانە بگرێتەوە کە دواى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 2022 خانەنشینکراون، "پێویستە سکاڵا تۆمار بکرێت".
 
جەمال کۆچەر گوتى: "دادگەکە لە 2024 بڕیارێکى دیکەى داوە بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان، ئەگەر یاساکەى هەرێمى کوردستان هەڵوەشێنرابێتەوە، چۆن هاوتا دەکرێن؟ پێویستە هاوتاکردن سەرجەم خانەنشینانى دواى 2022 و پێش ئەو ساڵە بگرێتەوە"
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە.
 
عەبدولقادر ساڵح، شارەزای یاسای گشتى و توێژەر لە بوارى وەزیفەى گشتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو روونکردنەوەیەی دادگەى فیدڕاڵى پێچەوانەى مەبەستى بڕیارەکەیەتى لە ساڵى 2022، چونکە ئەو کەسانەى کە سکاڵاکەیان تۆمار کردبوو ئەو خانەنشینانە بوون کە پێشتر خانەنشین بوون و بەرژەوەندییان لە دەرکردنى بڕیارەکەى دادگە هەبووە، چۆن دەبێت لەو بڕیارە سوودمەند نەبن، ئەگەر دادگەى فیدراڵى بەو ئاراستەیەدا بڕیارى دابێت، پێچەوانەى بڕیارەکەى 2022ـی خۆیەتى".
 
هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لە هەرێمى کوردستان بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینانی یەکگرتووە لە عێراق، ئەگەر هاوتاکردنى مووچە، خانەنشینانى پێش 2022 نەگرێتەوە، ئەوە یاساى خانەنشینى ساڵى 2007ى هەرێمى کوردستان کارا دەبێت، کە ئەو  کەسانەى پێ خانەنشین کراوە. لە کاتێکدا یاساکە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هەڵوەشێندراوەتەوە.
 
عەبدولقادر ساڵح  گوتى: "ئەگەر دادگە یاسایەکى هەڵوەشاندبێتەوە چۆن کارى پێدەکرێت و ئەو روونکردنەوەیە بۆشایی یاسایی دروست دەکات، دادگەى فیدراڵى لەو بڕیارەى 2022 ستایشى یاساى خانەنشینى یەکگرتووى عێراقى کردووە کە دەبێت بۆ هەموو عێراقییەکان جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو روونکردنەوەیە ژمارەیەک لە خانەنشیان بێبەش دەکات".
 
هاوتاکردنى مووچەی خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەساڵى 2024ـەوە دەستیپێکردووە کە مانگانە زیاتر لە 50 ملیار دینار بۆ پارەى تەرخانکراوى مووچە زیاد دەکات. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرسى دارایی لە بەغدا بە رووداوى گوت: "ئەو  داوایەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە دادگەى باڵاى فیدراڵى زیاتر بە ئاراستەى قەرەبووى پارەى کەڵەکەبووى شایستەى دارایی ساڵانى پێش بڕیارەکەى دادگەى فیدڕاڵییە، کە ئایا دەبێت ئەو وەزارەتە پەیوەستبێت بە خەرجکردنى یان نا."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە