رووداو دیجیتاڵ
گوشارەکان لە پەرلەمانى عێراق، رێگرییان کرد لەوەى لە هەمووارى یاسای بارى کەسیێتیدا، دەستکاریی تەمەنى هاوسەرگیری بکرێت و کەمبکرێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە پار، هەموو کاژێرێک 8 جیابوونەوە و 36 هاوسەرگیرى لە عێراق دا تۆمار کراون.
ئەو گۆڕانکارییە لە پێشنیازەیاساکەدا بوو، کە ژماریەک پەرلەمانتارى شیعە پێشکێشیان کردبوو بۆ ئەوەى جێگەى مەزهەبی جەعفەری لەو یاسایەدا بکرێتەوە.
یاساى بارى کەسی، لە ساڵى 1959 نووسراوە، هەمووارەکەى گۆڕدرا، ئەگەرنا بەگوێرەى مەزهەبی جەعفەرى، دەرفەتى بەیاساییکردنى بەشوودانى کچى تەمەن 9 ساڵ دروست دەبوو.
بەگوێرەى هەمووارەکە، هاوژینان دواى گرێبەستى هاوسەرگیرییان، ناتوانن ئەو مەزهەبە بگۆڕن کە لەسەرى گرێبەستەکەیان کردووە.
ئەوەى وردەکاریی پرسەکە یەکلادەکاتەوە، تۆمارى حوکمە شەرعییەکانە، کە لەلایەن دیوانى وەقفى شیعە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دادوەران و ئەنجوومەنى دەوڵەت ئامادە دەکرێت.
سرووە محەممەد، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژنان و خێزان و منداڵ لە پەرلەمانى عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى، "لەگەڵ لیژنەى یاسایی پێشنیازمان کرد لە تۆمارى شەرعیی دیوانى وەقفى شیعەى نێو هەمووارى یاساکە، ئەوەى پەیوەندیى بە تەمەنى هاوسەرگیرییەوە هەیە، بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی نەکرێت و پێشنیازەکە پەسند کرا."
دەبێت ئەو تۆمارەى دیوانى وەقفى شیعە لە ماوەى چوار مانگ دواى دەرچوونى پێشنیازەیاساکە ئامادە بکرێت، دواى رادەستکردنیشی پەرلەمان پابەندە بەوەى لە 30 رۆژدا بیخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
تۆمارەکە وردەکاریى شێوازى هاوسەرگیریى شیعە روون دەکاتەوە بە گوێرەى مەزهەبی جەعفەرى، کە لەلایەن شەشەم ئیمامى شیعەکانەوە داڕێژراوە.
رەخنەگرەی ئەو هەمووارە بە ئاراستەى کەمکردنەوەى تەمەنى هاوسەرگیرى بوو، هاوسەرگیری پێشوەختە بە یەکێک لە هۆکارەکانى لێکترازانى خێزانەکان و جیابوونەوەى هاوژینان هەژمار دەکرێت.
بەگوێرەى ئامارەکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، پار 320 هەزار و 459 هاوسەرگیرى لە دەرەوە و نێو دادگەکان کراون، کە لە هەر کاژێرێکدا زیاتر لە 36 هاوسەرگیرى بووە.
هەر لەو ماوەیەدا لە 15 پارێزگاکەى عێراق، 72 هەزار و 842 جیابوونەوە لە دەرەوە و نێو دادگەکان تۆمارکراون، کە دەکاتە هەشت جیابوونەوە لە یەک کاژێردا.
لە 11 مانگى پاردا، 32 هەزار و 510 هاوسەرگیرى لە دەرەوەى دادگەکان و، 49 هەزار و 768 جیابوونەوە لە دەرەوە دا کراون، دواتر دۆسیەکەیان چووەتە دادگە.
کەمترین بڕیارى جیابوونەوە لە رێگەى دادگەوە لە پارێزگاى کەربەلا بووە، کە دوو دۆسیە بووە و بەدوایدا زیقار دێت بە سێ دۆسیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ