دانپێدانانی ئەو ژن و مێردە بڵاوکرایەوە کە لە بەغدا 8 ئەندامی خێزانێکیان کۆمەڵکوژ کرد
رووداو دیجیتاڵ
دانپێدانانی ژن و پیاوێک بڵاوکرایەوە، کە لە سەرووبەندی سەری ساڵی نوێ دا بە تاوانێک عێراقیان هەژاند. ئەوان 8 ئەندامی خێزانێکیان لە بەغدا کۆمەڵکوژکرد.
رووداوەکە لەسەر قەرز بووە. تاوانکارەکان و تاوانلێکراوان ناسیاوی یەکدی بوون.
ماڵی تاوانلێکراو کە ژنێک و چوار منداڵ بوون، داوای قەرزەکەیان کردووەتەوە و چوون قەرزەکەیان وەربگرنەوە، بێ ئاگا لەوەی کۆمەڵکوژ دەکرێن.
هێزە ئەمنییەکان دانپێدانانی ئەو ژن و پیاوەیان بڵاوکردەوە کە 'تاوانەکەیان کردووە' ژنەکە دەڵێ "ئاگادارم کردەوە و پێمگوت وەرە پارەکەت وەربگرەوە، بڕەکەی نزیکەی 18 ملیۆن دیناربوو گوتی 'ئێستا بێم؟' گوتم ئێستا وەرەوە. هاوژینەکەم لەگەڵ هاوڕێکەی لە ماڵەوە بوو، کاتێک ئەوان هاتن و لە دەرگایان دا، یەکسەر چوونە سەربان و ئامادەکارییان کرد. منداڵەکان لە ژووری میوانەکان لە ماڵەکەماندا یارییان دەکرد. یەکسەر چوومە سەربان بۆ ئەوەی هاوژینەکەم و هاوڕێکەی بێنە خوارەوە. دەرگەیان داخست و بە چەقۆ ژن و منداڵەکانیان کوشتن کە هاتبوون."
رووداوەکە لە ناوچەی حەمیدییە زراعی لە ناوچەی سەدری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا روویدا.
سەرەتا تاوانکاران بە فێڵی دانەوەی قەرز، ژنەکەیان بانگ کردووەتە ماڵی خۆیان، کە چوار منداڵی لەگەڵ دا بوون، پاشان هەموویان کوشتن.
دواتر چوونەتە ماڵی ئەو ژنە و خەسوو و دوو منداڵی دیکەیان کوشتووە، چونکە زانیویانە ئەوان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکە چوونەتە ئەو ماڵەوە.
تاوانکارەکەی دیکە لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێ "هاوڕێکەم لەگەڵ هاوژنەکەم چوونە دەرەوە و چوونە ناوچەی 74. ژنەکە و منداڵەکانی لەوێ دەمانەوە. چووینە ماڵەکەیان و لەوێش خەسووی ژنەکە و دوو مناڵی دیکەمان کووشتن".
پۆلیسی بەغدا دەستگیرکردنی 5 کەسی راگەیاندووە و دەڵێ دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە.
لیوا شەعلان عەلی ساڵح، فەرماندەی پۆلیسی رەسافە - بەغد لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان دەڵێ "ئەمانە گەڕابوونەوەی بۆ حەمیدییە بۆ ئەوەی تەرمی منداڵەکان لەنێو کیسەدا بگوازنەوە، لەکاتی گەڕانەوە بۆ گواستنەوەی کاروانی دووەمی تەرمەکان، هێزە ئەمنییەکانمان لەماوەی 45 خولەک دەستگیریان کردن".
سەرەتای رووداوەکە پۆلیس لە کوشتنی دایکێک و دوو کچ ئاگادار کرایەوە. دوای بە دواداچوون و سەیرکردنی کامێرەکانی چاودێریی سەرەداوی رووداوەکەیان دەستکەوت، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی تاوانکار و لەوێش پێنج تەرمی دیکەیان دۆزیەوە و تاوانکارەکانیشیان دەستگیرکرد.