گوتەبێژی سوودانی: هێرشەکەی بەغدا تیرۆریستییە و لە ئەستۆی هاوپەیماناندایە

 رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بارەگایەکی هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا و ئەو کارە "هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کردەوەی تیرۆریستی" و، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێی بەرپرسە.
 
یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 4-1-2024) راگەیێندراوێکی لەبارەی بەئامانجکردنی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا بڵاوکردەوە؛ کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی و جێگرەکەی، لەگەڵ برینداربوونی شەش کەسی دیکە.
 
لە راگەیێندراوەکەی یەحیا رەسوول هاتووە "لە دەستدرێژییەکی زەقدا بەسەر سەروەریی عێراق و ئاسایشەکەی، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کارێکی کرد، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کاری تیرۆرستی نییە و، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) یەکێک لە بارەگا ئەمنییەکانی لە بەغدای پایتەخت کردە ئامانج."
 
گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ژمارەی تەواوی قوربانییەکانی بەفەرمی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێ "بەئامانجکردنەکە قوربانیی لێکەوتووەتەوە."
 
"هاوپەیمانان بەرپرسیارن"
 
هێزە چەکدارەکانی عێراق بەپێی گوتەی یەحیا رەسوول "بەرپرسیاریێتیی ئەو هێرشە بێ پاساوە بۆ سەر لایەنێکی ئەمنیی عێراق دەخاتە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.''
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دەڵێ "ئەم کارە دەبێتە هۆی تێکدانی هەموو لێکتێگەیشتنێکی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. ئێمە ئەو بەئامانجکردنە بە هەڵچوونێکی ترسناک و دەستدرێژی بۆ سەر عێراق دادەنێین کە دوورە لە گیان و ناوەڕۆکی هاوئاهەنگیی، کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەری دروستبووە."
 
ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، بارەگای لیوای 12ـی حەشدی شەعبییە لە شەقامی فەلەستین لە بەغدا."
 
کەناڵەکانی حەشدی شەعبی لە تەلەگرام بڵاویان کردووەتەوە، هێرشەکە لە رێگەی درۆن و لە لایەن ئەمریکییەکانەوە کراوە، لە ئەنجامدا ئەبوو تەقوا سەعیدی و یاریدەدەرەکەی بەناوی ئەبوو ئیمتیحان کوژراون. هەروەها باس لە برینداربوونی شەش کەسی دیکە دەکرێت.
 
ئەو لیوایەی کراوەتە ئامانج، لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە، کە زیاتر لە هەزار چەکداری هەیە، لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەشێک لە هێزەکانیان لە سووریان.
 
نوجەبا پێکهێنەرێکی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە و خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، بە پاساوی بەرگریکردن لە دانیشتووانی غەززە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
 
شەوی چوارشەممە 03-01-2024 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، بەرپرسیاریێتیی حکومەتی عێراقە، کە هەنگاو لە دژی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا بنێت. هەرکاتێکیش پێویست بکات دوودڵ نابن لە بەرگریکردن لەخۆیان.