نرخی خانووبەرە لە بەغدا بەرزبووەتەوە؛ "پەیوەندی بە سپیکردنەوەى پارەوە هەیە"
رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا رۆژ رۆژى کڕین و دروستکردنى باڵەخانەیە، لەگەڵ بەرزکردنەوەیان نرخەکانیشان بەرزدەبێتەوە. وەک خاوەنى نووسینگەکانى خانووبەرە دەڵێن، نرخ بە خەیاڵی بەرزبووەتەوە و ئاگری لە بازاڕ بەرداوە.
حوسێن سەفار، خاوەنى نووسینگەیەکی خانووبەرەیە لە بەغدا و دەڵێت: "بەغدا ئێستا قەرەباڵخ بووە؛ ناوچەکە ناوەندى عێراقە وەک پارێزگاکە، خەڵک تێیدا زیاتر دەبێت؛ بۆیە دەبێت خواست لەسەر خانووبەرە زیاد بکات؛ بۆیە نرخى خانووبەرە زیاد دەکات و دانابەزێت."
خواست لەسەر خانوبەرە لە بەغدا بەنزیکەى نیوە زیادیکردووە بەراورد بە ساڵى رابردوو. نرخى باڵەخانە بازرگانییەکان سێ بۆ چوار هێندەى نرخى پێشوویان بەرزبووەتەوە.
سامر خەفاجى، خاوەنى نووسینگەیەکی دیکەی خانووبەرەیە لە بەغدا و دەڵێت: "بازاڕ کاتێک بەرزبووەوە، هەر لەبەرزبوونەوەیدایە و نایەتە خوارەوە، بۆ نموونە، زەوى و خانوو لە کەڕادەى رۆژهەڵات پێشتر هەر مەترێکى بە نزیکەی هەزار و 200 بۆ هەزار و 500 دۆلار بوو، ئێستا بووەتە سێ هەزار دۆلار."
نهێنی ئەو بەرزبوونەوەیەى نرخى خانووبەرە لە بەغدا تەنها هەڵاوسانى ئابوورى و دابەزینى بەهاى دینار نییە؛ ئاگرى ئەو دووکەڵە سپیکردنەوەى پارە و شاردنەوەى ئەو پارەیەیە کە لە رێگەى گەندەڵییەوە دەستکەوتووە بۆ پەردەپۆشکردنى.
محەممەد رەبیع، گوتەبێژى شارەوانیى بەغدا دەڵێت: "زیادبوونى نرخ لە کەرتى خانووبەرە، پەیوەندار نییە بە بازاڕەوە؛ ئەوە پەیوەندى بە مافیاوە هەیە و بەستراوە بە سپیکردنەوەى پارەوە."
بردنى 3.7 ترلیۆن دینارى پارەى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى باج لە بانکى رافیدەین، نهێنى گرانبوونى نرخى خانووبەرەى لە بەغدا ئاشکراکرد کە بەشێک لەو پارەیە درابوو بە خانووبەرە.
نوور زوهێر، تۆمەتبارى سەرەکى بردنى ئەو پارەیەیە کە بە دزیى سەدە ناسراوە، زۆربەی ئەو پارەیەى لەو بانکە بردووە کە زیاتر لە دوو ترلیۆن دینارە و لە بەغدا موڵکى پێ کڕێبوو؛ بڕیارى ئازادکردنیشى بە کاتى بۆ فرۆشتنى ئەو موڵکانە و گەڕاندانەوەى پارەکە بوو.
رۆژی 03-01-2023، حەیدە حەنوون، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى عێراق گەڕاندنەوەى گوژمەیەکى دیکەى پارە دزراوەکەى بانکى رافیدەینى راگەیاند کە چوار ملیار دینار بوو.
یەکەم گوژمەى ئەو پارەیە لە 27-11-2022 گەڕێندرایەوە کە زیاتر لە 182 ملیار دینار بوو؛ دووەم گوژمە لە 08-12-2022 گەڕێندرایەوە کە زیاتر لە 134 ملیار دینار بوو؛ دوایین گوژمە کە گەڕێندرایەوە لە 03-01-2023 بوو کە چوار ملیار دینار بوو کە تێکڕا دەکاتە 320 ملیار دینار لەکۆى ئەو سێ ترلیۆن و 700 ملیار دینارەى دزرا. بڕى ئەو پارەیەى گەڕێندراوەتەوە دەگاتە نزیکەى 8.6%ى تێکراى ئەو بڕە پارەیەى کە دزرا.
تاوەکو ئێستا تۆمەتبارەکان دیار بوون کە خاوەنى چوار کۆمپانیا و چەند بەرپرسێکى حکومین، بەڵام پارەکە دیار نەبووە، کێشە نوێیەکە ئەوەیە کە بەشێک لە تۆمەتبارەکانیش لە عێراق نەماون و پارەکەیشیان دیار نییە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتی، "تۆمەتبارەکانى دیکە کە فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، بەدواداچوونى بەردەوام هەیە لەلایەن دەزگە ئەمنییەکانەوە لە ناوخۆى عێراق و لە دەرەوەى؛ ناچار بووین پەنا بۆ ئینتەرپووڵ ببەین و گشتاندنمان بۆ ئەو بڕیارى دەستگیرکردنانە کردووە. شاند و لیژنەمان هەیە کە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کاردەکەن لەپرسی گەڕاندنەوەى ئەو تۆمەتبارانە؛ نابێت ئەو وڵاتە دۆستانەمان ئەو گەندەڵکارانە داڵدە بدەن."
ماوەى سێ مانگە راى گشتیى عێراق بە "دزى سەدە"وە سەرقاڵە کە نزیکەى 2%ى بودجەى ساڵێکى وڵاتەکەیە و لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لە بانکى رافیدەین برا.