حکومەتی عێراق رۆژێک پشووی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگەکانی عێراق پشووی فەرمی بێت. 
 
رۆی سێشەممە 3ی کانوونی یەکەم، نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت،"ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، رۆژی سێشەممە 10ی کانوونی یەکەم 2024 لە تەواوی وەزارەت و دام و دەزگا حکومییەکان پشووی فەرمی بێت، ئەوەش بەبۆنەی رۆژی سەرکەوتن و یادکردنەوەی رزگارکردنی خاکی عێراق لە دەست چەتە تیرۆریستییەکانی داعش".
 
لە نێوەڕاستی ساڵی 2014 رێکخراوی داعش، یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیرکرد، دواتر هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەیان دەستیپێکرد. لە کانوونی یەکەمی 2017 سەرکەوتن بەسەر داعش راگەیێندرا. رۆژی 10ی مانگی کانوونی یەکەم بە رۆژی سەرکەوتن دیاریکراوە و ساڵانە عێراقییەکان یادی دەکەنەوە.