بەنگین رێکانی و نزار ئامێدی متمانەی پەرلەمانتارانیان بۆ بوونە وەزیر بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی عێراق، بەنگین رێکانی بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و نزار محەممەد ئامێدی بە وەزیری ژینگەی عێراق پەسندکرد.
رۆژی شەممە، 3-12-2022، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا کە بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی 208 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، بەنگین رێکانی وەک بەربژێری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و نزار ئامێدی وەک بەربژێری وەزیری ژینگەی عێراق پێشنیازکران و متمانەی پەرلەمانتارانیان بەدەستهێنا.
بەنگین رێکانی لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و نزار ئامێدیش لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
لەم كابینەیەی حکومەتی عێراقدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە لە پشكی پارتی دیموکراتی کوردستان و خالید شوانی، وەزیری داد لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشتر دەنگیان لەسەر درابوو. بەم شێوەیە کورد چوار وەزیری هەیە.
رۆژی 27ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبوونى 253 پەرلەمانتار کۆبووەوە بۆ دەنگدان بە کابینەى حکومەت بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى و کارنامەى حکومەتەکەى. لە کۆبوونەوەکەدا 21 بەربژێرى وەزارەتەکان پەسند کران، بەڵام یەکلاکردنەوەى بەربژێرانی هەردوو وەزارەتى ژینگە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دواخرا کە لە پشکى کوردن.
رۆژی 28-10-2022، دوای یەک رۆژ لە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەی کرد.