قاسم ئەعرەجی: پاش رێککەوتنی شنگال دەستدەکەین بە کەرکووک

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، سەرکەوتنی ئەزموونی رێککەوتنی شنگال رێگەخۆشکەرە بۆ رێککەوتنی کەرکووک و شارەکانی دیکەی عێراق. ئاماژەشی بەوە کرد، حکومەت دەیەوێت ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراقدا بچەسپێنێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2020 قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەکاتی پێشوازیکردن لە رێکخراوی پڕۆمیدیاسیۆنی فەرەنسی رایگەیاند، کاری لەپێشینەیان چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی گیانی تۆڵەسەندنەوەیە لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان.
 
لە بەیاننامەیەکدا کە نووسینگەی قاسم ئەعەرەجی بۆ تۆڕیی میدیایی رووداو ناردوویەتی، ئاماژە بەوە کراوە "سەرکەوتنی ئەزموونی رێککەوتنی شنگال رێگەخۆشکەرە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەزموونە لە کەرکووک و شارەکانی دیکەی عێراق. حکومەتی عێراقیش هەموو هەوڵێکی بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیرییە بۆ سەرانسەری وڵات".
 
هەر بەپێی بەیاننامەکە، مەجدوولین جیر ئاردۆ، بەرپرسی رێکخراوی پڕۆمیدیاسیۆنی فەرەنسی داوای لە ئەعرەجی کردووە کار بکەن بۆ رێکخستنی گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان و رێکخراوەکەشیان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی شنگال.
 
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2020 گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران چاودێریی رێککەوتنی تایبەت بە شنگالی کرد کە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیی لەو شارە بەهێزدەکات. رێککەوتنەکەش لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهان پێشوازیی لێکرا.