پۆلیسی ئەنبار دەستگیرکردنی تۆڕێکى بانگەشەکار بۆ رژێمى بەعسی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەنبار رایگەیاند، ئەندامانى تۆڕێکیان دەستگیرکردووە کە بانگەشەیان بۆ رژێمى پێشووی عێراق کردووە و، هەوڵیانداوە لە رۆژى نیشتمانیدا زیان بە ئاسایشى پارێزگاکە بگەیێنن.
 
3ـی تشرینى یەکەمى 2023، فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد ئەندامانى تۆڕێکیان دەستگیرکردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەى کارى تێکدەرانەیان کردووە، لەرێگەى بەرزکردنەوەى وێنە و درووشمەکانى رژێمى بەعس.
 
ئەمڕۆ رۆژى نیشتیمانى عێراقە، بەهۆی دەرچوونى لەژێر دەسەڵاتى بەریتانیا لە ساڵى 1932. 
 
فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە "ئەو تۆڕە، گەنجانیان هانداوە گردبوونەوە لە شوێنە گشتییەکان بکەن بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشى پارێزگاکە بە قۆستنەوەى ئاهەنگەکانى رۆژى نیشتمانى."
 
پۆلیسی ئەنبار دەشڵێ له هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی هاوکار و بەشدارانى ئەو تۆڕە.
 
رژێمی بەعسی عێراق ماوەی دەسەڵاتداریی حیزبی بەعس بوو لە عێراق لەنێوان ساڵانی 1968 بۆ 2003 کە لەلایەن ئەمریکاوە رووخێنرا، پاشان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی تەممووزی 2016 پرۆژەیاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعسی پەسندکرد.