زیارەتکارانی ئێرانی لە نەجەف لەدژی گشتپرسی هوتافیان کێشا
رووداو - نەجەف
لە عاشورای ئەمساڵدا شیعە مەزهەبەکان و بەتایبەتی ئەوانەی لە ئێرانەوە بۆ زیارەت هاتبوونە نەجەف، جگە لە ماتەمگێڕان بۆ کوژرانی ئیمامی حوسێن، دژی سەربەخۆیی کوردستان هۆتافیان کێشا.
شێخ محەممەد کەسێکی نزیکی عەلی سیستانییە و دەڵێ "سەماحەتی ئایەتوڵڵا پێی باش نییە کورد لە عێراق جیاببێتەوە. دابەشبوونی وڵاتەکەمان لەبەرژەوەندی گەلی عێراقدا نییە، نە لە بەرژەوەندی باشوورە، نە لە بەرژەوەندی باکوور، ئەو گشتپرسییەش کە ئەنجامدراوە، زیان بە بەرژەوەندی عێراق و گەلی کورد دەگەیەنێت، داواکارم لە گەلی کورد ئەو بابەتە بە تێگەیشتنێکی زیاتر وەربگرن".
جگە لە عەلی سیستانی لە نەجەف چەند مەرجەعێکی دیکەی شیعە هەن، هەڵوێست و بۆچوونیان بەرامبەر کوردستان جیاوازە، هەندێکیان جارجارە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن، هەندێکیشیان کورد بە برا و هاوپەیمانی شیعە ناودەبەن.
حەسەن کەعبی، یەکێک لە پیاوە ئایینییەکانی مەرجەعیەتی شیعەیە لە نەجەف و دەڵێ "دەبێت چارەسەری کێشەی برا کوردەکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بە بێ بەکارهێنانی بژاردەی هێز دانوستانی لەبارەوە بکرێت و، بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەربکرێن، هەروەها بە گەلی کورد دەڵێم ئێمە لەگەڵتانین و ئێوەش لەگەڵمان بن".
ئێران بڕوای وایە دەبێت دان بە حکومەتی ناوەندی عێراقدا بنێت، لەو بڕوایەدا نییە دەوڵەتێکی دیکە لە عێراق بە ناوی کوردستان دروستببێت.
ئیسماعیلی حەبیبی، زیارەتکارێکی ئێرانییە و دەڵێ "بۆچوونی حکومەتی ئێران ئەوەیە، حکومەتی ناوەندیی عێراقی قبوڵە و رازی نییە وڵاتێکی دیکە لەنێو عێراق دابمەزرێت بەناوی کوردستان".
هەروەها زیارەتکارێکی دیکەی ئێرانی لە نەجەف دەڵێ "بە بڕوای من دەبێت ئێرانییەکان پشتیوانی لە حکومەتی ناوەندیی عێراق بکەن و رێگەنەدرێت دەوڵەتێکی دیکە لە ناوچەکە دروست ببێت و ئاسایشی ناوچەکە تێکبچێت".
پێداچوونەە: هەڵات رێبوار