دەستەی دەستپاکیی عێراق: بەڕێوەبەری پێشووتری کۆمپانیای گشتیی خۆراک سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایدەگەیێنێت، دادگە بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراکی لە عێراق بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزاداوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سزادراوەکە پێشتر لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک بوو، کەچی بەمەبەستەوە زیانی بە بەرژەوەندیی ئەو لایەنە گەیاند کە کاری بۆ دەکرد."
ئەو کارەیشی بە گوتەی دەستەی دەستپاکی لە رێگەی پۆستەکەیەوە ئەنجامداوە بەوەی گرێبەستی نایاسایی لەنێوان وەزارەتی بازرگانی و کۆمپانیایەکی دابینکاری چا واژۆ کردووە، "ئەو گرێبەستەی کە واژۆ کرا ساختەکاری تێدا کرا، چونکە نووسراوی رێگەدان بەو گرێبەستە دوای تێپەڕبوونی نۆ مانگ بەسەر واژۆکردنی دەرکرا بوو؛ ئەوەش بووە هۆی گۆڕینی جۆری ئەو چایەی کە گرێبەستی لەسەر کرا بوو."
دەستەی دەستپاکیی عێراق راشیگەیاندووە، بە پشتبەستن بە کەیسی تاوانەکە و دانپێدانانی تۆمەتبارێکی دیکەی ئەو کەیسە کە بەجیا دادگایی دەکرێت؛ لەگەڵ گوێگرتن لە گوتەکانی نوێنەری یاسایی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک کە سکاڵای لە دژی تۆمەتباری یەکەم تۆمارکرد، دادگەی دەستەی سێیەمی تاوانەکان لە کەرخ دوای وردبوونەوە بەپێی ماددەی (340)ی یاسای سزاکان "بڕیاری حەوت ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراکی لە عێراق دەرکرد."
لە کاتێکدا سزادراوەکە کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، هێشتا دەستگیرنەکراوە، "بەڵام دادگا بڕیاری دا دەست بەسەر ماڵ و سامانیدا بگیرێت و دوای پەسەندکردنی سزاکە لە دادگەی پێداچوونەوە لایەنی زیانمەند دەتوانێت داوای قەرەبوو بکاتەوە."
لە پۆلێنی رێکخراوی نێودەوڵەتیی شەفافییەت لە ساڵی 2020 دا عێراق 21ـەمین گەندەڵترین وڵات بوو لە ئاستی جیهان، رێکخراوەکە دەڵێ هۆکاری تەشەنەکردنی گەندەڵی لەو وڵاتە دەربازبوونی گەندەڵکارانە لە سزادان.