وردبینى لە ماڵ و موڵکی سەرۆکى پارتەکانى عێراق دەکرێت

رووداو  دیجیتاڵ

دەستەى دەستپاکیى عێراق داوا لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەکات ناوى سەرۆکى پارت و هاوپەیمانێتییەکان و دەستەی دامەزرێنەرانیان پێ بدات بۆ ئەوەى وردبینى لە موڵک و ماڵیاندا بکات. 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە، 3-7-2023) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دەستەى دەستپاکى عێراق نووسراوێکى ئاراستە کردوون و داواى ناوى سەرۆکى هاوپەیمانێتى و پارتەکان و ئەندامانى دەستەى دامەزرێنەری کردووە بۆ ئەوەى بزانن موڵک و ماڵیان چەندە.
 
عیماد جەمیل گوتیشى، "هەر پارت و هاوپەیمانێتییەکى نوێ ناوى خۆى لە کۆمیسیۆن تۆمار بکات، زانیارى لەبارەى سەرۆک و ئەندامانى دەستەى دامەزرێنەرییەوە دەدەینە دەستەى دەستپاکى".
 
پێشتر لە 30ـی حوزەیران، دەستەى دەستپاکى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کاردانەوەى سەرۆکى پارت و ئەندامانى دەستە دامەزرێنەرانیان بۆ ئاشکراکردنى موڵک و ماڵیان زۆر کەمە و لەگەڵ کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئەو مەبەستە هاوئاهەنگى دەکەن.
 
بەگوێرەى مادەى 16ـی یاساى دەستەى دەستپاکى عێراق، دەبێت سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، ئەندامانى پەرلەمان، پلە باڵاکانى دیکە، سەرۆکى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، ساڵانە فۆرمى ئاشکراکردنى موڵک و ماڵیان پڕبکەنەوە و بیدەنە دەستەى دەستپاکى تاوەکو لێکۆڵینەوە لە ئەگەری زیادبوونى قەبارەکەى بکات.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى، "لەدواى رادەستکردنى ناوى سەرۆکى هاوپەیمانیێتى و پارت و ئەندامانى دەستەى دامەزرێنەریان بە دەستەى دەستپاکى، ئەو دەستەیە داوایان لێدەکات موڵک و ماڵیان ئاشکرا بکەن".
 
تائێستا 77 پارتى سیاسی و 41 هاوپەیمانیێتى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمارکراون، لەکاتێکدا لە یەکى تەمموزەوە دەرگاى تۆمارکردنى هاوپەیمانیێتى نوێ کراوەتەوە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، کە بڕیارە لە 28ـی کانوونى یەکەمى ئەمساڵ بکرێت.