رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤانێکی سوننە پێیوایە، سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی بەغدا بە گرووپە چەکدارەکانیشەوە، هەڵوێستیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان زۆر گۆڕاوە. داوا لە سەرۆک بارزانیش دەکات سەردانی بەغدا بکات "وەرچەرخانێکی گەورە و مێژوویی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دروست دەکات."
مەشعان جبووری، سیاسەتڤانی دیاری سوننە، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی رووداو بوو. هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد.
مەشعان جبووری لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند، یەکەمجارە هەست بە بوونی ئیرادەیەکی مکوڕ دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەلایەن هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. "پێموایە ئەمجارە هەمووان لە هەندێک خاڵی وەک پێدانی مووچە، بەجێکردنی مووچە، دەرهێنانی نەوت، دەروازە سنووری و گومرگەکان و پرسە ئاڵۆز و کەڵەکەبووەکان، ئامادەن سازش بۆ یەکدی بکەن کە پێشتر رەتیان دەکردەوە."
ئەو سیاسەتڤانە سوننەیەی عێراق بە رووداوی گوت: "سەرۆکوەزیرانی ئێستا زۆر رێز لە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەگرێت و هیچ ئاراستەیەکی دوژمنکارانەی نییە و هیچ جۆر نیازێکی نییە هەرێم بە ئامانج بگرێت. ئەمەش رێگەخۆشکەر بووە، برایان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باش بنێن کە پێشتر بە سازش ناویان دەبرد."
گوتیشی: "تەنانەت عەسائیبی ئەهلی حەق و چەند لایەنێکی دیکەی نێو شیعە و بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان، کە پێشتر هەرێمی کوردستانیان بە چەند تۆمەتێکی ناڕەوا و ناڕاست تۆمەتبار دەکرد و هانی عێراقییەکانیان دەدا لە دژی هەرێمی کوردستان و رق و کینەیان بڵاودەکردەوە، ئەوانیش هەڵوێستیان گۆڕاوە."
بۆ پرسی مووچە، جبووری رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچە، بۆ رۆتینە باوەکانی دەوڵەت دەگەڕێتەوە. رەنگە چەند بەرپرسێکی پلە دوو و سێ نەیانەوێت مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. ئەوان کاتێک سەردانی هەولێر دەکەن ئەم هەموو ئاوەدانیی و پێشکەوتنە دەبینن زۆر ئیرەیی دەکەن، لە کاتێکدا خۆیشیان لە شارێکی بێ خزمەت و فەرامۆشکراو هاتوون. ئیدی هەوڵ دەدەن بە هەر جۆرێک بێت دوای بخەن.
لەبارەی سوودانییەوە رایگەیاند، رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی بەو ئاڕاستەیەیە کە کێشەکان چارەسەر بکرێت. کاتێک پارەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد، لەلایەن چەند لایەنێکی بەشداربووی دەسەڵاتەوە، رووبەڕووی گوشاری زۆر دەبووەوە و تۆمەتی مەترسیداری دەدرایە پاڵ. بۆیە زۆر گرنگە برایان لە هەرێمی کوردستان بایەخ بە پەیوەندییەکان بدەن لەگەڵ سوودانی.
جەختی لەوەشکردەوە، گرنگە سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام سەردانی بەغدا بکەن و گوتی: "لێرەوە داوا لە برای گەورەم فەخامەتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەم سەردانی بەغدا بکات. سەرجەم ئەو کەسانەی لەنێو بازنەی دەسەڵاتدان، رێزی زۆر بێ پایەنیان بۆ بەڕێزیان هەیە و گوێ لە بەڕێزیان دەگرن. پێموایە سەردانیکردنی فەخامەتیان بۆ بەغدا دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر."
لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نارد و گوتی: "دڵنیابن چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر نزیک بووەتەوە. دۆخەکە زۆر ئەرێنییە و رێککەوتنەکانیش جێبەجێ دەکرێن."
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن گوتی: "لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیاوازی تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیمی، وەزیری پلاندانان و بە ئەندامێتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و بەنگین رێکانی وەزیری نیشتەجێبوون و تەیف سامی وەزیری دارایی. پێموایە گەیشتوونەتە چەند چارەسەرێکی مامناوەند. ئەمە لە کاتێکدایە هەموومان پێمانوابوو ئەم کەیسە یەکێکە لە پرسە زۆر ئاڵۆزەکان و چارەسەرکردنیشی زۆر سەختە. راگرتنی هەناردەکردنی نەوتیش زیانێکی زۆر بە دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەولێر دەگەیێنێت لە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان. پێموایە ئەم کەیسە روو لە چارەسەرکردنە."
سەبارەت بە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، مەشعان جبووری رایگەیاند: "حکومەتی هەرێم نایەوێت لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بنێرێت، ئەمەش کێشەیە. دووپاتی دەکەمەوە، بەهۆی ئەوەی دۆخەکە ئێستا زۆر گونجاوە، دەکرێ بۆ ئەمەش رێگەچارەی مامناوەند هەبێت. میکانیزمێک دەگرنە بەر کە هەردوولایەن پەسندی بکات و بەغداش لە هەوڵی چارەسەرکردنیدایە و پێشنیازەکان قبووڵ دەکات. هەست دەکەم هەموو لایەنەکان بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تەنانەت بە گرووپە چەکدارەکانیشەوە کە هەمیشە دژایەتی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، هەڵوێستیان لە ئاست هەرێمی کوردستان گۆڕاوە."
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، مەشعان جبووری رایگەیاند، هەندێک لایەن دەڵێن، ماڵی سوننە لەنێو خۆیاندا تەبا نین بۆ ئەوەی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان بکەن، ئەوان مەبەستیان لەم جۆرە پرۆپاگەندانە ئەوەیە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت لەلایەن جێگری یەکەمەوە بەڕێوەببرێت. ئاساییە کێشە هەبێت و هەر لایەنێک هەوڵ بدات ئەندامێکی خۆی دەستنیشان بکات. کورد پێشتر لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و شیعەش لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران ناکۆکیان هەبوو کە بووە هۆی ئەوەی موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسیدا بکشێتەوە.
ئەو سیاسەتڤانە گوتیشی: "بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانی لە مەحموود مەشهەدانی دەکەن. دوای جەژن کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت و یەکلایی دەکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ