وەزارەتی کارەبای عێراق: مانگی داهاتوو کارەبای عێراق بە کارەبای کەنداوەوە دەبەستینەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداو و تورکیا دەبەستنەوە و مانگی تەممووزی داهاتوو، وەکو یەکەم هەنگاو، کارەبای عێراق بە کارەبای ئوردنەوە دەبەسترێتەوە.
 
شەممە 03-06-2023، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی تەممووز، وەکو قۆناخی یەکەم، بەستنەوەی کارەبای عێراق بە کارەبای ئوردنەوە کارا دەکرێت کە تواناکەی 50 مێگاواتە و لە پارێزگای ئەنبارەوە هێڵەکە گەیێندراوەتە ئوردن و بۆ قەزای روتبە راکێشراوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئوردن، کارەبای عێراق بە کارەبای تورکیا، سعودیە و وڵاتانی کەنداو دەبەسترێتەوە و گوتیشی "کارەبای عێراق بە کارەبای تورکیاوە بەستراوەتەوە و ئێستا ئامادەیە بۆ بەکارخستن".
 
درێژیی هێڵی گواستنەوەی کارەبا لە ئوردنەوە بۆ عێراق، نزیکەی 300 کیلۆمەترە. 
 
مانگی نیسانی رابردوو، ئەحمەد مووسا رووداوی راگەیاندبوو، لە چوارچێوەی بودجەی بەکاربردن ساڵانە نزیکەی 17 تریلیۆن دینار بۆ سێکتەری کارەبا تەرخان دەکرێت و بەشێکی سەرەکیی ئەو بودجەیە، کە نزیکەی پێنج تریلیۆن دینارە، بۆ کڕینی کارەبا لە کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی کارەبا و کڕینی کارەبا لە دەرەوە دەچێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی بودجەی وەزارەتەکەیان بۆ چاککردنەوەی وێستگەکان تەرخان کراوە لەو کاتانەی گوشاری زۆریان لەسەر دەبێت، "ئێستا پلانێکی تۆکمەمان داڕشتووە لە وەرزی هاوین و گەرمادا ژمارەی کاژێرەکانی کارەبا زیاتر بکەین".
 
بەگوێرەی پلانەکەی وەزارەتی کارەبا، کە وەکو ئەحمەد مووسا گوتی، لە 1ـی ئایارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی وەرزی هاوین بەردەوام دەبێت، "کار بۆ ئەوە دەکەین لە هاویندا زیاتر لە 12 کاژێر کارەبا بدەینە هاووڵاتییان. لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بیانی و وڵاتان رێککەوتن کراوە بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی سێکتەری کارەبا لە چوارچێوەی ئەو پلانە پێنج ساڵەی وەزارەتی کارەبا کاری لەسەر دەکات".
 
بە گوتەی ئەحمەد مووسا، حکومەتی عێراق کار بۆ ئەوە دەکات سەرچاوەکانی کارەبا لە عێراق فرەچەشن بکات؛ لەوانەش، سوودبینین لە تیشکی خۆر، بەکارهێنانی گازی هاوەڵی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و راکێشانی کارەبا لە وڵاتانی کەنداوەوە.
ئەحمەد موسا ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو بابەتی دابینکردنی وزە و سووتەمەنی بۆ وەزارەتی کارەبا چارەسەر نەکرێت، گرفتی کارەبا بەردەوام دەبێت، چونکە گرفتەکە ئەوەیە؛ لە عێراق گازی هاوەڵ دەسووتێت و گاز هاوردە دەکرێت، پێویستە وەزارەتی نەوت سووتانی گازی هاوەڵ رابگرێت.
 
لەبارەی توانای وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەباش گوتی، "بەگوێرەی پلان لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، عێراق توانای بەرهەمهێنانی 24 هەزار مێگاوات کارەبای دەبێت، بەڵام پێویستمان بە لانیکەم 34 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە و بەو هۆیەشەوە 10 هەزار مێگاوات کورتهێنانمان هەیە. وێستگەی کەرکووک، بەردەوامە لە کارکردن و سێ یەکەی وێستگەکە کار دەکات، لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی کار بۆ ئەوە دەکەین یەکەی چوارەم و پێنجەمی وێستگەی کارەبای کەرکووک وەگەڕ بخەین".
 
بۆ زیاترکردنی کارەبا، حکومەتی عێراق پێنج گرێبەستی لەگەڵ وڵاتاندا کردووە، بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کارەبا، بۆ جێبەجێکردنی هەموو رێککەوتنەکان، ساڵێک پێویستە.