عەممار حەکیم: ئاماژەکانی سەقامگیریی عێراق خەریکە دەردەکەون


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى رەوتى حیکمە دەڵێت، لە 20 ساڵی رابردوودا یەکەمجارە هاوپەیمانێتییەک بە نوێنەرایەتیی بەشداربووانی حکومەتی عێراق پێکدێت و گوتیشی، "پێشتر کۆکردنەوەى سەرکردە سیاسییەکان دوو هەفتەى دەخایاند، بەڵام ئێستا دوو هەفتە جارێک کۆدەبنەوە."

رۆژی چوارشەممە، 3ـى ئایارى 2023، عەممار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەی نیشتمانی لە دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە بەغدا رایگەیاند، "ململانێى دواى هەڵبژاردن دەرفەتێکى هێنایە کایەوە کە بگەنە ئەوەى هاوپەیمانێتییەکى تێپەڕێنەرى تائیفی پێکبهێندرێت. یەکەمجاریشە لە 20 ساڵى رابردوودا هاوپەیمانێتییەک حکومەت پێکبهێنێت کە ئەو هاوپەیمانێتی و ئەو حکومەتەش سەرجەم ھێزە نیشتمانییەکان بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە تێیدا بەشداربن". 
 
عەممار حەکیم گوتى: "پێشتر کۆکردنەوەى سەرکردە سیاسییەکان دوو هەفتەى دەخایاند، بەڵام ئێستا دوو هەفتە جارێک کۆدەبنەوە."
 
25ـى ئەیلولى 2022، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە بەشداریى پارتی و یەکێتی لە کورد، بەشی زۆری سوننەکان، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە شیعە و بەشێک لە پێکهاتەکان پێکهات کە بنەماى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراقە.
 
عەممار حەکیم گوتی، ئاماژەکانى سەقامگیری خەریکە دەردەکەون، لەوانەش سەقامگیریى ئاسایش، سەقامگیریی کۆمەڵایەتى، سەقامگیریی سیاسى و گوتیشى، "کێشەیەک هەیە کە دەستوور باس لە شتێک دەکات و مامەڵەى رۆژانەمان بە ئاراستەیەکی دیکەیە، ئەوەش بە کاریگەریى ژیری و فەلسەفەى پێشوو دروست بووە".