سوودانى بۆ دەستپاکى: لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى گەندەڵى تایبەت بە خانەنشینان بکەن

03-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانى بە دەستەى دەستپاکى کرد، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەک بکات، کە تایبەتە بە خانەنشینان و گوایە ئەو پێشینانەى دراوەتە هەندێک لە خانەنشینان وەرنەگیراونەتەوە و ساختەکاریش لە مامەڵەى قوربانیانى تیرۆر کراوە.
 
دووشەممە 3ى شوباتى 2025، نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانى بە دەستەى دەستپاکى کردووە، ئەو دۆسیەی لێکۆڵینەوە یەکلابکاتەوە کە تایبەتە بەوەى دەستەى نیشتمانىی خانەنشینى نەیتوانیوە ئاگادارى مووچەى هەندێک لە خانەنشینان بێت و پێشینەى دارایی سەر ئەستۆى هەندێک لە خانەنشینانى وەرنەگرتووەتەوە، هەروەها ساختەکاریى لە هەندێک مامەڵەى قوربانیانى تیرۆردا کراوە.
 
سوودانى دەڵێت: "زۆر گرنگە پارێزگارى لە ماڵى گشتى بکرێت و نەرمى نەنوێنرێت لەگەڵ هیچ ساختەکاری و زێدەڕۆییەک، کە ببێتە هۆى بەفیڕۆچوونی ماڵى گشتى یان ئەوەى بدرێتە کەسانێک بەگوێرەى یاسا شایستەى نەبوون، کە ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى ئەوانەى شایستەن مافەکانیان وەرنەگرن" .
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانى عێراق، فەرمانى بە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە پەلە بکرێت لە گرتنەبەرى چەند رێوشوێنێک بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى رێکخستن و یاسایی دابەشکردنى مووچەى خانەنشینان، لەوانە ئامادەکردنى تۆمارى بایۆمەترى و پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەلیکترۆنى و بەدواداچوونى گەڕاندنەوەى پێشینە و ئەو مووچەیەى کە دراونەتە کەسانی ناشایستە و دڵنیابوونەوە لەوەى رێوشوێنى یاسایى تەواو لە دژى ئەو کەسانە گیراونەتەبەر، کە لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە لە زیانگەیاندن بە ماڵى گشتى تێوەگلاون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە