تەندروستیی عێراق: بەپێی ژمارەی دانیشتووان هەرێمی کوردستان پشکی لە ڤاکسیندا دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دوو گرێبەستی بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا واژۆکردووە و هەرێمی کوردستانیش پشکی لە ڤاکسینەکە دەبێت.
د. ریاز حەلفی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق دوو گرێبەستی واژۆکردووە بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا، یەکەمیان لەگەڵ یەکێتیی جیهانیی ڤاکسین "کۆڤاکس"ـە، بەمەبەستی دابینکردنی ڤاکسین بۆ 8 ملیۆن کەس، هەروەها گرێبەستێکی دیکەشی هەیە لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر بۆ کڕینی 1 ملیۆن و 500 هەزار ژەمە ڤاکسین، کە بە دوو ژەم دەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ، ڤاکسین دەگاتە عێراق، بێگومان دوای گەیشتنیشی هەرێمی کوردستان بەپێی رێژەی ژمارەی دانیشتووان بەشی لەو ڤاکسینە دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێک بۆ هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە.
پێشتریش د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە فەرمی عێراق گرێبەستی دابینکردنی ملیۆنێک و 500 هەزار ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنای لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر واژۆکردووە و بڕیارە سەرەتای ئەمساڵ بگاتە عێراق.
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەو ڤاکسینە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان پشکی لەو ڤاکیسینە دەبێت و پشکەکەی پارێزراوە.
د. سەیف بەدر راشیگەیاند، جگە لە کۆمپانیای فایزەر، لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەی بەرهەمهێنانی ڤاکیسنی کۆرۆنا لە پەیوەندی داین، بەمەبەستی دابینکردنی ڤاکسین.
لە دوایین رۆژی ساڵی 2020 رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڤاکسینی کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتێکی بۆ بەکارهێنانی بەپەلە پەسندکرد و رایگەیاند، ئەوە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی وڵاتان دەست بە کڕین و دابەشکردنی ڤاکسینەکە بکەن.