عادل عەبدولمەهدی ئیدانەی کوشتنی سولەیمانی دەکات و دەڵێت پێشێلی رێککەوتننامەی ستراتیژییە
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەتووندترین شێوە ئیدانەی ئەو کارە دەکەم، ئەمە کارێکی دووژمنکارانەیە و دژ بە سەروەری عێراقە، ئەم هێرشەی ئەمریکا پێشێلی ئەو رێککەوتنە دەکات کە رێگەیداوە بەبوونی هێزی ئەمریکی لە عێراق.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "بە تووندترین شێوە ئیدانەی تیرۆرکردنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی و کەسایەتی عێراقی و ئێرانی دەکەین لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو دوو شەهیدە دوو سیمبوولی گەورەی سەرکەوتنبوونە بەسەر داعش".
عادل عەبدولمەهدی دەڵێت، "تیرۆرکردنی فەرماندەیەکی سەربازیی عێراقی پەلاماردانە بۆ سەر دەوڵەت و حکومەت و گەلی عێراقی، لەنێوربردنی سەرکردە عێراقییەکان یاخود وڵاتێکی دراوسێ دۆست کە پۆستێکی فەرمی هەیە لەسەر خاکی عێراق، ئەمە پێشلکردنێکی روونی سەروەری عێراقە، ئەمەش ئاگری شەڕێکی لەنێوبەر لە عێراق و ناوچەکە و جیهان خۆش دەکات".
هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێرشە پێشێلکردنێکی ئابڕوبەرانەی مەرجی هەبوونی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق، ئەو رۆڵەی دەیبینێت کە مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەژێر سەرپەرشتی و رەزامەندی حکومەتی عێراق.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەشڵێت: "بە فەرمی داوامان کردووە پاڵپشت بە ماددەی 58ی دەستوور کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت لەبارەی هەڵوێستێکی فەرمی عێراق و دەرکردنی بڕیار و یاسا و ئەنجامدانی رێوشوێنی پێویست کە شکۆ و ئارامی و سەروەریی عێراق بپارێزێت".