فەرماندەى پاسەوانى سنوورى عێراق: بستێکی سنوورەکەمان لەگەڵ سووریا نەماوە، کە بە کامێرا چاودێریی نەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناخۆى عێراق دەڵێ، یەکەمجارە لە مێژوودا سنوور لەگەڵ سووریا بەمشێوەیە کۆنترۆڵ بکرێت. پاسەوانى سنووریش دەڵێت "بستێک زەوى لە سنوورى سووریا نەماوە بە کامێرا چاودێریى نەکرێت."
ئەمڕۆ (دووشەممە، 2ـی کانوونى یەکەمى 2024) گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوور، کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانییان لە بەغدا ئەنجام دا بۆ روونکردنەوەى ئاستى پاراستنى سنوورى عێراق لەگەڵ سووریا.
میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: ئەوەى بۆ پاراستنی سنوور کراوە، بەرهەمى کارى ئەمڕۆ نییە و لە پێکهێنانى ئەم حکومەتەوە کارى لەسەر کراوە.
میقداد میرى دەڵی "ئەوەى وەک تۆکمەکردنى سنوورى عێراق کراوە، یەکەمجارە لە مێژووى دروستکردنى سنوورى دەوڵەتى عێراق دا بکرێت. عێراق سێ هەزار و 716 کیلۆمەتر سنوورى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ هەیە، کە سنوورى سووریا لە هەموویان باشتر پارێزراوە."
سنوورى نێوان عێراق و سووریا زیاتر لە 650 کیلۆمەترە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80%ـی سنوورەکە بە بەربەستى کۆنکرێتى، گیراوە.
فەریق محەممەد عەبدولوەهاب ساعیدی، فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوورى عێراق لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا رایگەیاند: لە رێگەى سیستمێکى چاودێریی زیرەک و کامێراى گەرمبین 24 کاژێر هەموو ئەو سنوورە بەتەواوى کۆنترۆڵکراوە.
لە 27ـی تشرینى دووەمی 2024ـەوە، چەکدارانى دەستەى تەحریر شام چەند ناوچەیەکى سووریایان کۆنترۆڵکرد، شەڕ و ئاڵۆزى لەو وڵاتە عێراقى ناچار کردووە رێوشوێنەکانى لە سنوورى لەگەڵ سووریا، تووندتر بکات.
فەرماندەى هێزى پاسەوانى سنوورى عێراق گوتى "کامێراکانى چاودێرى لەسەر سنوور، دیمەنەکان دەگوێزنەوە بۆ بارەگاى ناوچەکە و بەغدا، دیمەنى بەشێک لە نێو قووڵایی سووریا و عێراقیش تۆمار دەکات، بستێک زەوى لەو سنوورە نییە کە بە کامێرا چاودێرى نەکرێت، ئێستا پاراستنى سنوور بەساڵى 2014 بەراورد ناکرێت."