235 لوبنانیی دیکە گەیشتنە عێراق

رووداو دیجیتاڵ 
 
هاتنی هاووڵاتیانی لوبنانی بۆ عێراق بەردەوامە و ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەیان لە رێگەی دەروازەی سنووریی قائیم لە پارێزگای ئەنبارەوە گەیشتنە عێراق.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لەسەر بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، کارمەندانی وەزارەتەکەیان بەردەوامن لە پێشوازیکردن لە خێزانە لوبنانییەکان، کە روو لە عێراق دەکەن.
 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، پێشوازیان لە کاروانی چوارەمی هاووڵاتیانی لوبنانی کردووە، کە 235 کەسن. ئەمانە لە رێگەی دەروازەی سنووری قائیم، هاتوونەتە نێو عێراق. هەموو ئاسانکارییەکان پێشکێش کراون.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە، 02-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا لە دوو رۆژدا 350 هاووڵاتیی لوبنانی لە رێگەی دەروازەی سنووریی قائیم لە پارێزگای ئەنبارەوە گەیشتوونەتە عێراق و لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە پێشوازییان لێکراوە.
 
قائیم دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریایە و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، ئەو هاووڵاتییە لوبنانیانە لە رێگەی وشکانییەوە لە سووریاوە هاتوون و لە دەروازەی قائیمەوە هاتوونەتە نێو عێراق.
 

عەلی عەباس گوتیشی، ژمارەیەک هاووڵاتیش لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەفەوە گەیشتوون، بەجۆرێک تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە زیاتر لە 200 کەس گەیشتوون. 
 
سەبارەت بە شوێنی مانەوەی ئەو هاووڵاتییانە، عەلی عەباس دەڵێت، بەشێکیان چوونەتە لای کەسانی ناسیاویان؛ بەشێکی دیکەش چوونەتە چەند شوێنێکی تایبەت لە شوێنە پیرۆزەکانی شاری کەربەلا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی، "چاودێریی دۆخەکە دەکەین، ئەگەر زانیمان هاووڵاتیی زیاتری لوبنانی روو لە عێراق دەکەن، رێکاری دیکەی پێویست دەگرینەبەر بۆ پێشوازیکردن و نیشتەجێبوونیان." 
 
دوێنی (سێشەممە، 01-10-2024) ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە بە نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لیژنەیەکی پێکهێنا بە سەرۆکایەتی هیشام نیعمەت عەباس، یاریدەدەری پارێزگار بۆ پێشوازی و هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی لوبنان. 
 
دەسەڵات دراوەتە لیژنەکە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو هاووڵاتییانە دابین بکات کە دەچنە پارێزگاکە. 
 
رۆژی 29-09-2024 سەرۆکوەزیرانی لوبنان گوتی، نزیکەی 1 ملیۆن کەس لە خەڵکی وڵاتەکەی ئاوارە بوون. ئاوارەبوونی خەڵک بەهۆی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلە بۆ سەر بەیرووت و باشووری لوبنان.