ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بەرپرسانی کورد لە بەغدا؛ مووچەخۆران چاوەڕێی چی بکەن؟
رووداو دیجیتاڵ
کێشەی مووچە، سەرۆککۆمار، نوێنەر و بەرپرسانی کوردی لە بەغدا کۆکردەوە و رایانگەیاند مووچەی مانگی حەوت دەدرێت و چەند رۆژێک دواتر، مووچەی مانگی هەشتیش دابەش دەکرێت.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لەدوای کۆبوونەوەکە شەوی (یەکشەممە، 1-9-2024) جەختی لەوە کردەوە "کێشەی مووچەی مانگی حەوت چارەسەر بووە و هەوڵدەدەین لە ماوەیەکی کورتدا کێشەی مووچەی مانگی هەشتیش چارەسەر بکەین."
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆککۆماری عێراق، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، وەزیر، سەرۆک فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئامادە بوون، کە لە ماڵی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرا.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "(کێشەی) مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەر لێرە چارەسەر دەکرێت، لە کۆبوونەوە بڕیاردرا وەک بڕیاردەری فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ وەزیری دارایی قسە بکەین و ئەویش ئامادەیی دەربڕی ئەمانە لای خۆیان چارەسەر دەکەن."
هەروەها رایگەیاند "دیارە ناڕوونییەک هەبوو لەلای ئەوان، کە ئەمانە فەرمانبەری هەرێمی کوردستانن و لەو ناوچانەن، پێیان وابوو لە دوو شوێن مووچە وەردەگرن، ئەمە ئەوان چارەی دەکەن، هەندێک بڕگەش هەن پێویستیان بە روونکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لەماوەی ئەم هەفتەیە وەڵامەکەی بدەنەوە."
بڕیاردرا، نوێنەرانی کورد لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی کورد لەنێو حکومەتی عێراق، پێکەوە گوشار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
سەبارەت بە مووچەی خانەنشینانیش ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی "پێشنیازێکمان داوەتە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ."
بەپێی گوتەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، 10 رۆژ دوای مووچەی مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.