ئەندامێکى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە: کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ دواى چلەى ئیمام حوسێن دواخرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە رایگەیاند، چوارچێوەى هاوئاهەنگى بڕیاریداوە پرسی کۆبوونەوەى پەرلەمان و هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەت بۆ دواى کۆتایی هاتنى چلەى ئیمام حوسێن دوابخرێت. دەشڵێت، لەم ماوەیەدا ئەو هاوپەیمانێتییە تەنیا گفتوگۆى نێوخۆیی دەبێت.
 
رەحیم عەبودى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "چوارچێوەى هاوئاهەنگى بڕیاریداوە پرسی کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ دواى زیارەتى چلەى ئیمام حوسێن دوابخات و هەنگاوەکانى بۆ پێکهێنانى حکومەت کۆبوونەوەى پەرلەمان تاوەکو ئەوکاتە رابگیرێت." 
 
چلەى ئیمام حوسێن کە لەلاى شیعەکان بە ئیمامى سێیەم دەزانرێت لە 17ى ئەیلوولى 2022 دەبێت.
 
رەحیم عەبودى گوتى: "ئامانج لەو هەنگاوە هێوربوونەوەى دۆخەکە و رێگرییە لە دروستبوونى پشێوى ئەمنى لە کاتى چلەى ئیمام حوسێن، بەڵام لەم ماوەیەدا گفتوگۆى ناوخۆیی دەبێت لەبارەى پرسەکانى دیکەى وەک هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان."   
 
رۆژی 30ى ئاب، مانگرتووانى رەوتى سەدر بەردەم پەرلەمانى عێراقیان چۆڵکرد، لە دواى مانگێک لە مانەوەیان بۆ داواکردنى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت، بەڵام گرژى سیاسى و میدیایی نێوان ئەو رەوتە و چوارچێوەى هاوئاهەنگى بەردەوامە. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، دادگەى باڵاى فیدڕاڵیى عێراق لە 7ى ئەیلوول دوا بڕیار لەبارەى ئەو سکاڵایانەوە دەدات کە لایەنگرانى رەوتى سەدر لەسەر داواى موقتەدا سەدرى رێبەریان پێشکێشکیان کردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.
 
رەحیم عەبودى دەڵێت: "وەک چوارچێوەى هاوئاهەنگى چاوەڕێى بڕیارى دادگەى باڵای فیدڕاڵی دەکەین لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان."      
 
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى نایەوێت بەبێ کۆبوونەوەى پەرلەمان و پێکھێنانى حکومەتێکى نوێ پرسی هەڵبژاردنى پێشوەخت یەکلایی بکرێتەوە.