ئەمساڵ لە عێراق 7000 جووتیار ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە
رووداو - ناسریە
دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دەبێت فاتیحە لەسەر زۆربەی زۆنگاوەکانی عێراق بخوێندرێت. کەمئاوی بەشێک لە زۆنگاوەکانی ناسریەی کردووە بە بیابان.
کۆچی جووتیاران بۆ شارەکان تادێت زیاتر دەبێت، فازڵ خزەیر حەمدانی تەمەنی 80 ساڵە، لەوەتەی چاوی کردووەتەوە گامێش بەخێو دەکات، بە درێژایی تەمەنی کەمئاویی لەو شێوەیەی نەبینیوە و دەڵێت، لە بەخێوکردنی سەدان گامێشەوە، ئێستا تەنیا 50 گامێشی ماون، جووتیاران داوای بەهاناوەچوون دەکەن، گەرنا رێگەی کۆچ هەڵدەبژێرن.
فازڵ خزەیر حەمدانی، جووتیار دەڵێت، "ئەگەر پێیەکانت بمرن، دەتوانی هەڵسیت؟ نەخێر ناتوانیت، گەر سکت خاڵی بێت واتە ناتوانیت بجووڵێیت، ئەمانە کۆتاییان پێهاتووە، خۆراکیان نەماوە، بەهۆی کەمئاوییەوە ئاڵف نییە بیخۆن، ئەوەی پارەی هەبێت دەیکڕێت، ئەوەشی نەیبێت ئیدی نییە."
حەمدان ئەبو حوسێن، جووتیار ئاماژە بەوە دەکات، "ئاو تەنیا بۆ گامێشەکان نییە، بەڵکو ئاو پێویستە بۆ کشتوکاڵ و باڵندە و ماسییەکانیش. تەنیا گامێش نییە پێویستی بە ئاوە، ئەمە گەر بەردەوام بێت، واتە وڵات تووشی حەسار بووە، ئیدی دەبێت هەموو شتێک لە دەرەوە هاوردە بکەین."
تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا 7000 جووتیار ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و روویان کردووەتە شارەکان، 3000 جووتیاریان تەنیا لە ناسریە بوون؛ ئەمە بەپێی بەدواداچوونی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق.
عەلی عەباس جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئاماژە بەوە دەکات، "وەزارەتەکەمان دەستی بە رێوشوێنەکانی کردووە لەبارەی کۆچی جووتیاران لە گوندەوە بۆ شارەکان بەهۆی کەمئاوییەوە تاوەکو دیدگایەک هەبێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، بۆیە دەرکەوتووە ناوچەکانی چبایش و زۆنگاوەکان، باکووری بەسرە، ناوچەکانی میسان و ناسریە و دیوانییە و حلە دووچاری زیانی گەورە بوونەتەوە."
گلدانەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە ئەم دۆخەی دروستکردووە، کەمبوونەوەی ئۆکسجین، سوێربوونی ئاو، لەنێوچوونی قامیشەکان و ژینگەی زۆنگاوەکان ئێستا بە جۆرێکە کە ماسی و گامێشەکانی رووبەڕووی لەنێوچوون کردووەتەوە.