لویس ساکۆ: یاسای دادگای فیدراڵیی بەغدا ستەممان لێدەکات
رووداو - هەولێر
کاردیناڵ لویس ساکۆ دەڵێت، پڕۆژەی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە، ستەم لە پێکهاتە ناموسڵمانەکانی عێراق دەکات.
کاردیناڵ لویس ساکۆ نامەیەکی ئاراستەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد لەبارەی هەمواری پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی عێراق، کە لە بڕگەیەکیدا باس لە دانانی ئەندامانی پسپۆڕی شەریعەی ئیسلامی دەکات کە لەلایەن وەقفی شیعە و وەقفی سوننەوە دیاریدەکرێن.
بەگوێرەی پڕۆژەی هەمواری یاساکە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نۆ ئەندامی دەبێت کە دووانیان پسپۆڕی ئایینی فیقهی ئیسلامی دەبن و مافی دەنگدان و ڤیتۆیان دەبێت و لەلایەن وەقفی سوننە و وەقفی شیعەوە بەربژێردەکرێن.
لە نامەکەدا کاردیناڵ لویس ساکۆ دەڵێت: "ئەو پڕۆژە یاسایەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کرا بەلامانەوە سەیربوو کە شێوەیەکی ئایینی بە دادگای باڵای فیدراڵی دەدات و پسپۆڕی شەریعەی ئیسلامی تێیدا دادەمەزرێنێت کە لەلایەن دیوانی وەقفی سوننە و شیعەوە بەربژێردەکرێن، لەکاتێکدا دیوانی وەقفی ئایینەکانی مەسیحی و ئێزدی و سابیئەی مەندائی بێبەشکراوان".
''ئەم پڕۆژەیە ستەم لە ئێمەی پەیڕەوکارانی ئایینە ناموسڵمانەکان دەکات"، ساکۆ دەڵێت "دوای هەموو ئەوەی چەشتمان لە تیرۆر و دەربەدەرکردن و کوشتن و بڕین و دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکمان".
لە نیسانی رابردووەوە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی دەکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەوە هێشتا تێنەپەڕێندراوە.
دیارترین ناکۆکی لەسەر ئەو لایەنەیە کە ئەندامانی دادگای فیدراڵی دەستنیشان دەکات، لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق پێشنیازیکردووە لیژنەیەک لەهەر سێ سەرۆکایەتییەکە ئەندامان دەستنیشان بکەن، یان پەرلەمان رابسپێردرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامەکان.
لویس ساکۆ لە نامەکەیدا بۆ حەلبووسی داوا دەکات رێز لە مافەکانیان بگیرێت وەکو هاووڵاتی عێراق و دەڵێت: "وەکو هاوڵاتییانی دیکە مافمان هەیە، داوادەکەین ئەم جیاکارییە دووهێندەیە لەدژمان رابگیرێت، ئەوەش بە گەڕاندنەوەی پڕۆژە یاساکە بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆئەوەی جارێکی دیکە دابڕێژرێتەوە بەشێوەیەک لەگەڵ دەستووردا هاوتا بێت بۆ پاراستنی مافەکانی هاوڵاتییان بە یەکسانی، پاراستنی فرەیی عێراقی و پتەوکردنی ناسنامەی نیشتمانی".
ساکۆ دەشڵێت: "ئەم پڕۆژەیە هێمای گەورەی پرسیار دەهێنێتە پێش لەبارەی ئاییندە و بەردەوامیمان لە وڵاتەکەمان کە ئێمە خەڵکە رەسەنەکەین، بەتایبەتی کە ئەمری واقیع هەیە و دادگاکان شەریعەی ئیسلامی لەسەرمان جێبەجێدەکەن لە پرسەکانی باری شارستانی، وەکو میرات". هاوکات سوپاسی کۆمەڵەی فیقهی سوننە دەکات چونکە لە بەیاننامەیەکدا ئەو پڕۆژەیە یاسایەی رەتکردووەتەوە.
دادگای باڵا فیدراڵی لە عێراق باڵاترین دادگایە و کاری یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە دەستوورییەکانە. بەگوێرەی دەستووری عێراق، ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان و حکومەتە خۆجێیەکان دروستدەبن لەلایەن ئەم دادگایەوە یەکلادەکرێنەوە، هەروەها دادگاکە بڕیاردەدات لەبارەی دەستووریبوون و شەرعیبوونی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانەوە دەردەکرێن، مافی رەتکردنەوەشی هەیە ئەگەر یاساکان پێچەوانەی دەستووربن.
تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدراڵی لە پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمان هەیە، بەو پێیەی یاسایەکی گرنگە.