لیژنەى کشتوکاڵى پەرلەمانى عێراق لەسەر پرسی ئاو میوانداریى دوو وەزیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەى داهاتوو لیژنەى کشتوکاڵى پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ئاو و پشکى عێراق لە رووبارى وڵاتانى دراوسێ، میوانداریى هەردوو وەزیرى دەرەوە و سەرچاوەکانى ئاو دەکات. جێگرى یەکەمى سەرۆکى لیژنەکەش دەڵێت: "کەمئاوى مەترسییە بۆ سەر ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور و رێژەى یەدەگى ئاو بۆ نیوە کەمبووەتەوە".
رۆژی 2ـی ئایاری 2023، زۆزان هاجانی، جێگرى یەکەمى سەرۆکى لیژنەى کشتوکاڵى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەفتەى داهاتوو لیژنەکەیان میوانداریى د. فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و عۆن زیاب، وەزیرى سەرچاوەکانى ئاو دەکات، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ئاو لە عێراق و هەوڵەکان بۆ زیادکردنى پشکى عێراق لە ئاوى ئەو رووبارانەى کە لە وڵاتانى دراوسێوە دەڕژێنە نێو خاکى عێراقەوە.
زۆزان هاجانى گوتى: "رۆژى میوانداریکردنەکە بە دیاریکراوى دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لە هەفتەى داهاتوودا دەبێت، هۆکارى ئەو میوانداریکردنەش ئەوەیە کە دۆخى عێراق لە رووى ئاوەوە خراپە و وەرزى هاوین کاریگەرى بۆ سەر ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق زیاتر دەبێت".
ماوەى دوو ساڵە عێراق 70%ـى ئەو ئاوەى کەمبووەتەوە کە لە وڵاتانى دراوسێوە بۆی دەهات، بە تایبەت ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات.
جێگرى یەکەمى سەرۆکى لیژنەى کشتوکاڵى پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، ئێستا یەدەگى ئاوى وڵاتەکە کەمبووتەوە بۆ 50%ـى رێژەى پێشووى.
رۆژی 21ـى ئادارى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى تورکیاى کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا کۆبوونەوە، تەوەرى سەرەکیى گفتوگۆکان پرسى ئاو بوو.
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڵێنی دا پشکى عێراق لە ئاوى رووبارەکان زیاد بکات.