کاردینال لویس ساکۆ بە "فێڵکردن" تۆمەتبار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانی ئامادەبوون لە دادگا بۆ کاردینال لویس ساکۆ دەرچووە و ئەویش دەڵێت لەلایەن رەیان کلدانی، سەرۆکی میلیشیای کەتائیبی بابلیوون لە عێراق بە ئامانج دەکرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئامادەبوونی لویس ساکۆ لە دادگای لێکۆڵینەوە لە ناوچەی کەرخ لە بەغدا بەهۆی سکاڵای کەسێک لە دژی و تۆمەتبارکردنی بە داگیرکردنی زەوی و خانووبەرەی دەوڵەت، کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرتاپای ئەو بابەتە و ئەو تۆمەتە هەڵبەستراون، ئەوەشی بۆی هەڵبەستووم رەیان کلدانییە، سەرۆکی میلیشیای کەتائیبی بابلیون، کە خۆی و گرووپەکەی بەناو کریستیانن".
کاردینال لویس ساکۆ گوتیشی: "پێش چەند رۆژێک رامگەیاند کەوا کورسیی کۆتای کریستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرایەتیی کریستیانەکان ناکات، چونکە رەیان کلدانی پێشتر رایگەیاندبوو ئەوان بە دەنگی نەجەف ئەو کورسییەیان بەدەستهێناوە نەک دەنگی کریستیانەکان".
بە گوتەی لویس ساکو، پاش ئەو لێدوانە رەیان کلدانی "لە رێگەی دەسەڵات و بەرتیلەوە" تۆمەتی بۆ هەڵبەستووە و ناوی زڕاندووە، بەوەی گوایە دەستی بەسەر زەوییەکی دەوڵەتدا لە پارێزگای بەسرە گرتووە.
بەڵام ساکۆ دەڵێت: "ئەو دۆسیەیە 6 ساڵ پێش ئێستایە، ئێمە زیاتر لە 1025 زەوی و خانووبەرەمان هەیە کە میلیشیاکان دەستیان بەسەردا گرتووە، پێش دوو رۆژ دادوەرێک تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی 50 دۆنم زەوی کەنیسەیەکتان لە بەسرە هەیە کەسێک بەڵگەنامەی ساختە کردووە و دەستی بەسەردا گرتووە، من ئەو کەسەم نەبینیوە، چونکە ئێمە بەشی داراییمان هەیە".
پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق دەشڵێت: "پێشتر ئەو کەسە داوای لێکردین زەوییەکەی کەنیسەمان بە کرێ بگرێت، منیش لە رێگەی بەشی داراییمانەوە بریکارنامەم پێدا، دواتر ئەو هەوڵی دا مۆڵەتی بونیادنان دەربکات، کەچی پێیانگوت ئەو زەوییە بەناوی کەسێکی سعودیە، چۆن ئەو کەسە سعودیە بووەتە خاوەنی؟ نازانم، بۆیە کەسەکە گەڕایەوە لای ئێمە و بریکارنامەکەمان پووچەڵکردەوە، چونکە ئەگەر زەوییەکە بەناوی ئێمە نەبێت ئەو ناتوانێت هیچی لەسەر بونیادبنێت، کەچی ئێستا چووە و سکاڵای لەسەر من تۆمارکردووە، هۆکارەکەش ئەوەیە رەیان کلدانی، سەرۆکی میلیشیای بابلیوون هانی داوە دژی من، بۆیە من سکاڵا لە دژیان تۆمار دەکەم و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا راستییەکان دەخەمەڕوو".
لە نووسراوی ئامادەبوونی کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانییەکان لە عێراق لە بەردەم دادگا، کە لە بنکەی پۆلیسی ناوچەی ساڵحییە لە بەغدا بۆ ناوبراو نێردراوە، هاتووە: "بە پشتبەستن بە فەرمانی دادگای لێکۆڵینەوە لە کەرخ کە لە 14/4/2021 دا دەرچووە، دەبێ لە ماوەی سێ رۆژدا لە رۆژی ئاگادارکردنەوەتان لە بەردەم ئێمە ئامادەبن بۆ وردبوونەوە لەوەی پێی تۆمەتبارکراون سەبارەت بە فێڵکردنتان، ئەوەش بەپێی ماددەی 456ـی یاسای سزاکان و لەسەر سکاڵای سکاڵاکار، ئەگەریش ئامادەنەبن لە شوێن و کاتی دیاریکراودا، فەرمانی دەستگیرکردنتان بۆ دەردەچێت".
گرووپی چەکداریی بابلیوون، لە ساڵی 2014 وە دامەزراوە و بەشێکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، رەیان کلدانی سەرۆکی گرووپەکەیە، بەڵام کەنیسەی کلدانییەکان لە عێراق رەتیدەکاتەوە ئەو گرووپە سەر بە کریستیانەکان بن یان نوێنەرایەتی ئەوان بکات.