پەرلەمانی عێراق پرۆژە بڕیارێك لە قازانجی منداڵانی بێلانە تاوتوێ دەكات
رووداو- سلێمانی
لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە بڕیارێكی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لەمەودوا منداڵانی بێسەرپەرشت لەدوای تەمەنی 18 ساڵیش بتوانن لە خانەكانی داڵدەدان بمێننەوە، تاوەكو دوای تەواوكردنی خوێندن، یان پێكەوەنانی خێزان و دەستكەوتنی شوێنێكی باشتر.
ماددەی 32 لە یاسای ژمارە 126ی ساڵی 1980ی كاروباری كۆمەڵایەتی كە تایبەتە بە منداڵانی بێسەرپەرشتی خانەكان، دەڵێت منداڵانی بێلانە دوای ئەوەی تەمەنیان گەیشتە 18 ساڵ، دەبێت خانە جێبهێڵن.
هەر بەپێی یاساكە ئەگەر گەنجێكی بێسەرپەرشت لە قۆناغی شەشی ئامادەیی بۆ دوو ساڵ بمێنێتەوە، ئەوا دەتوانێت تا 19 ساڵی لە خانەدا بژی، بەڵام هەندێك لەوانە دوای 18 ساڵیش شوێنێكیان نییە رووی تێبكەن و كەسیش باوەشیان بۆ ناكاتەوە، بۆیە ئێستا لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیەوێ لەڕێگەی پڕۆژە بڕیارێكەوە، كاركردن بەو ماددەیە رابگرێ و هەمواری بكات.
ئەشواق جاف، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند لەلایەن خانەكانی بێسەرپەرشتانەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش پێشنیازی هەمواركردنی ئەو ماددەیەیان بۆ كراوە بۆ ئەوەی لەمەودوا كەسانی سەرووی 18 ساڵیش تا تەواوكردنی خوێندن، یان پێكەوەنانی خێزان، یان دۆزینەوەی شوێنێكی باشتر لە خانەكان بۆ نیشتەجێبوونیان، هەر لە خانەكاندا بمێننەوە.
ئەشواق باسی دوو پێشنیازی لێژنەكەیانی كرد بۆ ئەو منداڵانەی كەسیان نییە، یەكێكیان حكومەت هەر لە خانەكانی خۆیان و خانەی بەساڵاچووان ئیشیان بۆ بدۆزێتەوە كە لەو كاتەدا دەتوانن لەوێش بمێننەوە.
سەبارەت بە پێشنیازی دووەمیش گوتی "ئەگەر ئەو منداڵانە بیانەوێت زانكۆ تەواو بكەن، ئەوە دەچنە بەشی ناوخۆیی، ئەگەریش نەڕۆنە بەشی نێوخۆیی هەر لە شوێنی خۆیان بمێننەوە تا دوای زانكۆ، دوای تەواوكردنی زانكۆش ئەگەر خێزانیان پێكەوەنەنا، یان ئیش و كاریان دەستنەكەوت، یان كەس باوەشی بۆ نەكردنەوە، هەر لە خانە بمێننەوە".
هاتنە دەرەوەی ئەو منداڵانە زۆرجار گرفتی بەدواوەیە و هەوڵ و ماندووبوونی چەند ساڵەی سەرپەرشتیارانی خانەكە بەفیڕۆ دەدات.
ئەشواق جاف دەڵێت "لەعێراق باری ئەمنی خراپە، زۆر جار ئەو منداڵانە ئەگەر كوڕ بووبن لەپاش دەرچوونیان لە خانەی بێسەرپەرشتان كەوتوونەتە دەست گرووپە توندڕەوەكان، كچەكانیش كەوتوونەتە دەست باندەكانی لەشفرۆشی".
لەم مانگەوە وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردووە، ئێستا لیژنەی مافی مرۆڤ پڕۆژە بڕیارەكەیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی لە دانیشتنەكانی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت و كاركردن بەو ماددەیە رابگیرێت.
ئەشواق جاف گوتی "بەگشتی پڕۆژە بڕیارەكە لەبەردەم دوو ئەگەردایە، حكومەت دەتوانێت جێبەجێی بكات و دەشتوانێت جێبەجێی نەكات، بەڵام ئەم پڕۆژەیە لەبەرئەوەی مرۆڤانەیە، لەوباوەڕەداین حكومەت جێبەجێی بكات".
لیژنەكە هەروەها لەڕێگەی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتییەوە پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی حكومەتی عێراق دەكەن بۆ ئەوەی ماددەكە هەموار بكرێت. د.ئەشواق گوتی "لەبەرئەوەی مانەوەی ئەو منداڵانە پێویستی بە لایەنی داراییە، دەبێت پڕۆژە یاساكە ببرێتەوە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێش پەسەند بكرێت و پاشان بێتەوە پەرلەمان".
سەرنج حەمەسەعید، بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتی لە سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند، ئاگایان لەو پڕۆژە بڕیارەی پەرلەمانی عێراق نییە و دوو ساڵ لەمەوبەریش لە كاتی سەردانی د.ئەشواق بۆ لایان، باسی كێشەی منداڵانی سەروو 18 ساڵیان كردووە، ئەوانەی كەسیان نییە و كێشەی دامەزراندنیان هەیە.
ساڵی 1986 پەیڕەوی ناوخۆی خانەكان بۆ چۆنیەتی مامەڵەی ئەو خانانە لەگەڵ منداڵاندان لەنێو یاساكەدا جێی كراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاودێری كۆمەڵایەتیش لە كوردستان رۆژی 25/8/2014 بە هاوكاریی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان، پڕۆژەیەكیان بۆ هەمواری پەیڕەوەكە پێشكەشی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كردووە تا بینێرنە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندكردن، بڕگەیەكی پڕۆژەكەشیان تایبەتە بەو منداڵانە.
سەرنج گوتی "پێشنیازمان كردووە ئەو منداڵانەی دەبنە 18 ساڵ و كەسیان نییە، لە دامەزراوەكانی وەزارەتدا دابمەزرێنەوە، لە ساڵانی هەشتاكانیشدا ئەو دامەزراندنە هەبووە، لەو كاتەدا داهات و شوێنی نیشتەجێبوونیشیان دەبێت، بەڵام بەهۆی راگرتنی دامەزراندنەوە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ نەكراوە، لێرەشەوە داوا لە حكومەت دەكەین خۆیان بڕیارێكی لەو شێوەیە بۆ ئەو منداڵانە دەربكەن، چونكە ئێمە تەنیا پێشنیازمان كردبوو".
منداڵانی كوردستان دەرناكرێن
بە گوتەی سەرنج، هێشتا هیچ كەسێك لە خانەكانی بێسەرپەرشتان لە كوردستان دوای تەمەنی 18 ساڵی دەرنەكراوە. سەرنج گوتی "نزیكەی پێنج شەش منداڵمان لابوو كە دەبووایە دوای تەمەنی 18 ساڵی خانەكە جێبهێڵن، بەڵام هیچ كامیان دەرنەكراون، بەڵكو هەوڵمانداوە لە خانەكان بە گرێبەست یاخود خۆبەخش دایانمەزرێنینەوە، یان لەڕێگەی رێكخراوەكان و كەرتی تایبەتەوە كارمان بۆ دۆزیونەتەوە ئینجا رۆیشتوون".
زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێریی كۆمەڵایەتی لە هەولێر بەهەمانشێوە بێئاگایی خۆی لەو پڕۆژەیەی پەرلەمانی عێراق نیشان دا و گوتی دوای 18 ساڵ مرۆڤ كامڵ دەبێت و وا باشترە پشت بە خۆی ببەستێ، بەڵام ئەو منداڵانەش بەهیچ شێوەیەك دەرناكرێن، ئەگەر كوڕ بووبێت لای خۆیان یان لە كەرتی تایبەت كاریان بۆ دەدۆزنەوە، كچەكانیش ئەگەر بخوێنن دەتوانن تاوەكو 19 ساڵی لە خانە بن، بەڵام هەندێكیان ئێستا لە زانكۆ دەخوێنن و وەكو خۆبەخشیش لە خانە كار دەكەن.