کەریم عێراقی: ‌دیار نییە کازم ساهیر بەشداریی ئاهەنگی کردنەوەی جامی کەنداوی 25 دەکات یان نا


رووداو دیجیتاڵ 

هۆزانڤان کەریم عێراقی رایدەگەیێنێت، ئۆپێرای "گەڕانەوەی سندیباد" بۆ ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانیێتیی کەنداوی 25 ئامادەیە. بڕیاری بەشدارییکردنی کازم ساهیر-یش لە ئاهەنگی کردنەوەی کەنداوی 25 لەسەر خودی کازم ساهیر ماوەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 2-1-2023، هۆزانڤان کەریم عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە شەش مانگە، ئۆپێرای تایبەت بە کردنەوەی پاڵەوانیتی کەنداوی 25م نووسیوە. کازم ساهیر ئاوازی بۆ داناوە و تۆماریش کراوە، خراوەتە بەردەم چەندین لیژنەی عێراقی، تاوەکو بە فەرمیی پشتی پێببەسترێت، بڕیاریش لای کازم ساهیرە، ئایا لەکاتی بەشدارییکردن لە ئاهەنگی کردنەوەی کەنداوی 25 دەیچڕێت یان نا، تائێستاش نازانین بڕیاری کازم ساهیر چییە." 
 
هۆزانڤان کەریم عێراقی گوتی: "ئۆپێرای گەڕانەوەی سندیباد باسی چیرۆکی شارستانی دەکات لە سۆمەرییەکانەوە دەستپێدەکات، تاوەکو سەردەمی ئیسلامی و بەسرە، لەگەڵ پارچە شیعرێک لەبارەی هەریەک لە وڵاتانی بەشداربووی پاڵەوانییەتییەکە." 
 
کەریم عێراقی ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ کازم ساهیر زوو زوو یەکدی دەبینن و دوایینجاریش پێنج رۆژ لەمەوبەر بووە، بەڵام باسی ئۆپێراکە و بەشدارییکردنی کازم ساهیریان لە کردنەوەی پاڵەوانییتەیە نەکردووە. نازانێت کازم ساهیریش بەشداری دەکات یان نا. 
 
کەریم عێراقی گوتی: "ئەو هەواڵانەی باس لەوەدەکەن کە ئێمە باسمان لەوەکردووە، کازم ساهیر بە ئۆپێرای گەڕانەوەی سندیباد بەشداریی دەکات، دوورە لە راستییەوە. ئۆپێراکە ئامادەیە پێویستی بە نووسین و چڕینەوەی نوێ نییە، بۆ کردنەوەی پاڵەوانیێتیی کەنداوی 25. راستییەکەی ئەوەیە، نازانم کازم ساهیر، بەشداری لە کردنەوەی پاڵەوانیێتییەکە دەکات یان نا." 
 
لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە تائێستا کەریم عێراقی لەگەڵ کازم ساهیر هاوکارە لە هۆنراوەدانان، ئاوازدانان و گۆرانی گوتنەوە. بەشێک لە گۆرانییەکانی کازم ساهیر، شیعرەکەی لەلایەن کەریم عێراقییەوە نووسراون. 
 
کەریم عێراقی گوتی: "نازانم هونەرمەند رەحمە ریاز بەشداری لە ئاهەنگی کردنەوەی جامی کەنداو دەکات یان نا. بەمدواییانە شیعرێکم بۆ نووسیوە، بەڵام پەیوەندی بە کەنداوی 25وە نییە." 
 
8 هەڵبژاردە لە پاڵەوانییەتی کەنداوی 25 لە بەسرە بەشدارن کە بریتین لە عێراق، سعودیە، قەتەر، کوەیت، ئیمارات، عومان، بەحرێن و یەمەن. هەڵبژاردەکان بەسەر دوو کۆمەڵە دابەشکراون. 
 
رۆژی دووشەممە 2-1-2023، ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە رایگەیاند: "کازم ساهیر دۆخێکی تایبەتی هەیە، هیوادارین بەشداری بکات لە کردنەوەی پاڵەوانیێتیی کەنداوی 25. لە پەیوەندی بەردەوامداین بۆ ئەوەی بەشداری بکات." 
 
پارێزگاری بەسرە گوتی: "رەحمە ریاز یەکلابووەتەوە، بەشداری لە کردنەوەی پاڵەوانیێتیی کەنداوی 25 لە بەسرە دەکات کە رۆژی هەینی داهاتوو بەڕێوەدەچێت." 
 
یەکەم پاڵەوانیێتی جامی کەنداوی عەرەبی لە ساڵی 1970 لە بەحرێن بەڕێوەچوو. هەر 2 ساڵ جارێک رێکدەخرێت بۆ ئەو وڵاتانە عەرەبییانەی دەکەونە سەر کەنداو. عێراق 16 جار بەشداریی پاڵەوانیێتییەکەی کردووە، سێ جار بووەتە پاڵەوان، دوایینجار ساڵی 1988 بوو.