گۆڕانکارییەکانی سووریا عێراقی ناچار بە تووندترکردنی سنوورەکانی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لەبەر مەترسیی گۆڕانکارییەکانی سووریا، عێراق رێکاری تووندی ئەمنی لەسەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا گرتوەتەبەر. وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش بۆ دڵنیابوونەوە لە سنووری وڵاتەکەی سەردانی شنگالی کرد.
سابت عەباسی، وەزیری ناوخۆی عێراق لە سەردانەکەیدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی سنوورەکەی کرد.
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لەبارەی رێکارەکانەوە گوتی، "هێزەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لەسەر خاڵی سفر بڵاوبوونەتەوە، بە هەموو شێوەیەک ئامادەن، ئامێری چاودێری و دووربینی شەوان هەن. هەندێکیان هێزی سوپای عێراقین و هەندێکی دیکەیان هێزی حەشدی شەعبین، ئاستی تووندوتۆڵی زۆر بەرزە و دەگاتە 100٪."
حکومەتی عێراق بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوورەکەی رێکاری جیاوازی گرتووەتەبەر، لەنێویاندا دانانی دیواری کۆنکرێتی، پەرژینی بی ئاڕسی، تەلبەندکردن، کامێرای گەرمی بینین، تاوەری چاودێری، خەندەق بە قووڵی و پانی سێ مەتر، ساتری خۆڵ، بەکارهێنانی درۆن، زیادکردنی هێز، گەڕانی شەوانەی هێزەکان.
عەقید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەرەو ئەنبار بە درێژایی زیاتر لە 210 کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی دانراوە، هەفتەی داهاتووش نزیکەی 100 کیلۆمەتری دیکە دیواری کۆنکرێتی دادەنرێت."
حەیدەر کەرخی هەروەها گوتی، "لە سنووری رۆژئاوای عێراقیش لە ناوچەی قائیمی پارێزگای ئەنبار، بە درێژایی زیاتر لە 160 کیلۆمەتر و بەرزیی سێ مەتر دیواری کۆنکرێتی لە سنووری سووریا دروستکراوە و دەگەیێندرێت بەو دیوارەی لە نەینەواوە درێژدەکرێتەوە."
عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراقیش ئاماژەی بەوەدا، "پێمان وایە دۆخەکە وەک خۆی دەگوزەرێ، تەواوی هێزە ئەمنییەکانمان ئامادەن، مەترسی لەسەر هیچ بەرەیەک نییە".
گرتنەبەری ئەو رێکارە ئەمنییانە لە کاتێکدایە، لە چوارشەممەی رابردووەوە دۆخی سووریا ئاڵۆزتر بووە، هێزە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەستیان بەسەر زۆربەی شاری حەلەب دا گرتووە. لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزە چەکدارانە و سوپای وڵاتەکە، لانیکەم 300 کەس کوژراون کە بەشێکیان سڤیلن.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، سوپای وڵاتەکە هیچ شوێنێکی حەلەبی لەژێر دەست نەماوە. بەشێکی لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان ئەوەی دیکە لەژێر دەستی هێزە کوردییەکان دایە.
هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.