کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق پیرۆزبایی لە هێرشە مووشەکییەکەى ئێران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق پاڵپشتی و پیرۆزبایی لە هێرشە مووشەکییەکەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "هێرشەکە ئاوێنەى ئاکارى سوارچاکان و پابەندبوونە بە بنەماکانى رووبەڕووبوونەوە لە رێگەى بەئامانجگرتنى بنکە سەربازى و ئەمنییەکانى زایۆنی بەبێ زیانگەیاندن بە باڵەخانە سڤیلەکان."
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق یەکێکە لە پێکهێنەرانى حەشدی شەعبی و گرووپێکى نزیکى ئێرانە، شەوی سێشەممە 01-09-2024 لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستى خۆى لەبارەى ئەو هێرشانەوە بڵاوکردەوە.
ئەو گرووپە ئاماژەى بەوە داوە، هێرشەکەى ئێران کاتێک کراوە، "دەسەڵاتى زایۆنى و پاڵپشتیکارانى لە ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاوا لە ئەوپەڕى ئامادەکاریدا بوون بۆ بەرگرتن لە مووشەکەکانى ئێران."
ئەو هەڵوێستەى کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق دوای ئەوە بوو، کاژێر 07:30ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، سوپای پاسداران رایگەیاند، بە دەیان مووشەک هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئیسرائیل، ئەوەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان."
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە کات و شوێنی خۆیدا وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەوی ئێران دەدەنەوە.