نوێنەرێکى مەرجەعى باڵا: عەلی سیستانی دڵتەنگە بەوەى روویداوە و سەرکۆنەى دەکات


رووداو - هەولێر

نوێنەرێکى عەلی سیستانی، مەرجەعى باڵاى ئایینیى شیعەکان لە عێراق لە کاتى بەشداریکردن لە پرسەى کوژراوانى چەند رۆژى رابردووى خۆپێشاندانەکانی بەغدا گوتى: "رێبەرى باڵا دڵتەنگ و ناڕازییە بەوەى روویداوە و سەرکۆنەى ئەو جۆرە کارە نەشیاوانە دەکات".
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ى ئەیلوولی 2022، شاندێکى مەرجەعى باڵاى ئایینیى شیعە لە نەجەف سەردانى پرسەی هاووڵاتییەکی کرد کە لە کۆتایی مانگی ئاب لە بەغدا کوژرا.
 
سەیید حەسەن نوورى، نوێنەرى عەلى سیستانی کە سەرۆکایەتیى ئەو شاندەى دەکرد گوتى: "مەرجەعى باڵا زۆر دڵتەنگە و نیگەرانە لەوەى روویداوە".  گوتیشى: "مەرجەعى باڵا ناڕازییە و سەرکۆنەى ئەو جۆرە کارە نەشیاوانە دەکات".
 
لە 29ى ئابى 2022دا و بەهۆى دروستبوونى پشێوى، 30 کەس لە بەغدا کوژران و 570 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
دوای 24 کاژێر لە بەردەوامبوونی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی لایەنگرانی سەدر و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد کە لەماوەی یەک کاژێردا لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە.