لە باشیک حەوت کەس بەتۆمەتى "بانگەشەکردن بۆ بەعس" دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەى باشیکی سەر بە پارێزگاى نەینەوا حەوت کەس دەستگیرکران، بەتۆمەتى ئەوەی گرتەیەکى ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە و بەبۆنەى یادى لەدایکبوونى سەدام حوسێن سەرۆکى پێشووى رژێمى بەعس ئاهەنگ دەگێڕن.
زەنون یونس، بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ حەوت کەس لە ناحیەکەیان دەستگیرکراون، کە لە مانگى نیسانى رابردوودا گرتەیەکى ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بانگەشە بۆ سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووى رژێمى بەعس دەکەن.
بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک گوتى: "ئەو کەسانە لە 28ى نیسانى 2022، گرتەیەکى ڤیدیۆییان لە ناوەندى ناحیەی باشیک تۆمارکردووە بە بۆنەى یادى لەدایکبوونى سەدام حوسێن، لەدواى بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆکە هێزە ئەمنییەکان بەمەبەستى دەستگیرکردنیان چوونە سەر ماڵەکانیان، بەڵام هەڵاتون و سەرەتا یەکێکیان دەستگیرکراوە و شوێنى ئەوانى دیکەشی ئاشکرا کردووە".
رۆژی 1ى حوەزەیرانى 2022 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى رایگەیاند: "دادگاى لێکۆڵینەوەى نەینەوا رێوشوێنى بەرانبەر بەو کەسانە گرتووەتەبەر کە تۆمەتبارکراون بە پەیوەندى هەبوون بە حیزبى بەعس".
بەپێی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە ئەو کەسانە دانیان بەوەداناوە کە "پیلانیان" گێڕاوە بۆ گەڕاندنەوەى حیزبى بەعس و ئەنجامدانى چەند کارێک کە زیان بە سیستمى سیاسى ئێستاى عێراق دەگەیێنێت".