لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی وەزیرانی کارەبا و کشتوکاڵ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، میوانداریی وەزیرانی کارەبا و کشتوکاڵ دەکات لەبارەی پشکی ئەو دوو وەزارەتە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا.
خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 01-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی وەزیرانی کارەبا و کشتوکاڵ دەکات لەبارەی پشکی ئەو دوو وەزارەتە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکرێت تا 11ی ئەم مانگە، میوانداریکردنی وەزیرەکان کۆتایی بێت و دواتر میوانداریی پارێزگار و سەرۆکی دەستەکان دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 30-04-2023 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی وەزیرانی خوێندنی باڵا و گواستنەوەی عێراقی کرد و گفتوگۆیان لەبارەی پشکی ئەو دوو وەزارەتە کرد.
شەوی رابردووش لیژنەی دارایی سێیەمین کۆبوونەوەی خۆی کرد، ئەوەش بە مەبەستی پەلەکردن لە تەواوکردنی مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە و سەرنج و تێبینییەکان. لیژنەکە بەشی یەکەمی بودجەی تاوتوێ کرد و گەیشتە بەشی دووەم کە تایبەتە بە خەرجی و کورتهێنان و قەرزی ناوخۆ و دەرەکی.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە پارەی پێویست تەرخان بکرێت بۆ پرۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێمەکان، ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی سەرجەم پارێزگاکان و دابەشکردنیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان و هێڵی هەژاری؛ هەروەها گواستنەوەی پارە لەنێوان وەزارەتەکان، بە شێوەیەک دادپەروەری فەراهەم بکات و خەرجی کەم بکاتەوە.