لە بەغدا کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو سازدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدای پایتەختی عێراق سازدەکرێت. لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، "دۆخی ئاو زۆر خراپە و لە وەرزی هاویندا خراپتر دەبێت".
 
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (دووشەممە، یەکی ئایاری 2023) بڵاویکردەوە، رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگە، بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا سازدەکرێت.
  
لە کۆنگرەکەدا، چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی دۆخی ئاو، کەمئاوی، کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا پێشکێش دەکرێن.
 
بانگهێشتنامە ئاراستەی چەندین وەزیری ئاوی وڵاتانی ناوچەکە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بواری ئاو و کەشوهەوا، باڵیۆزی وڵاتان، وەزیر، پارێزگار و ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق کراوە، ئەوە وێڕای بانگهێشتکردنی مامۆستایانی زانکۆ و چەندین کەسایەتی عێراقی و نێودەوڵەتیی پسپۆر و کەسایەتی میدیایی.
 
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرەکە بریتین لە "ئاو لە پێناوی مرۆڤ و سرووشت، دیپلۆماسییەتی ئاو، پاراستی ژینگە، بەڕێوەبردنی ئاو و داهێنان". 
 
لەوبارەوە زۆزان عەلی، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانگهێشتنامەیان لەلایەن وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بەدەستگەیشتووە و بەشداری کۆنگرەکە دەکەن.
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "دۆخی ئاو لە عێراق زۆر خراپە و لە وەرزی هاویندا خراپتریش دەبێت، چونکە ئاو کەمدەبێتەوە و بەهۆی بەرزی پلەی گەرما بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشوور، ئاو تووشی بە هەڵەمبوون دەبێت، ئەمەش وادەکات خوێ زۆربێت. ئەمانەش وێڕای کەم باردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە".
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، کێشەیەکی دیکە بریتییە لەو زێدەڕۆییانەی لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لەسەر رووبارەکان و راکێشانی ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان کراون.