لە شەڕێکدا لە دیوانییە پێنج کەس کوژران


رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای شەنافییە لە پارێزگای دیوانییە، پێنج کەس بەهۆی شەڕی نێوان ماڵباتەکانیان کوژران. 
 
کازم عەبدوڵڵا جبووری، قایمقامی قەزای دیوانییە ئەمڕۆ سێشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە بەهۆی ناکۆکییەکی کەسی بووە لەنێوان ژمارەیەک ئامۆزا کە لە میوانخانەیەک کۆبوونەتەوە لە ناوچەی هەرد لە دەوروبەری قەزاکە. 
 
قایمقامی قەزای دیوانییە چۆنییەتی رووداوەکە بەمشێوەیە باس دەکات: سەرەتا دەمەقاڵێ دروستبووە، دواتر یەکێک لە ئامادەبووان چەکی بەکارهێناوە و دوو کەسی کوشتووە. لەدوای ئەوەش، خزمەکانی دیکەیان وەک وەڵامدانەوە چەکیان بەکارهێناوە کە بووەتە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی کەسێکی دیکە.
 
جبووری ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و شوێنەکەیان گەمارۆ داوە، تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و رەوانەی لایەنی پەیوەندیداریان کردووە، هەروەها دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەکی بەکارهاتوودا گرتووە.
 
دۆسیەی شەڕ و ناکۆکییە عەشایەرییەکان لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، یەکێکە لە گرنگترین ئەو بابەتانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوشانی دۆسیەی خزمەتگوزارییەکان، گرنگیی پێدەدات، چونکە بەردەوام قوربانی و بریندار بەهۆی ئەو شەڕانەوە تۆمار دەکرێن کە هەندێک جار پێویستی بە دەستوەردانی سوپایە بۆ کۆتاییپێهێنانیان.
 
پارێزگاکانی میسان، زیقار و بەسرە، لە پێشەوەی ئەو پارێزگایانەن کە رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی عەشایەریی لەو جۆرەیان تێیاندا روودەدات. لە هەندێکیاندا چەکی مامناوەند و تەنانەت گولـلەهاوەنیش بەکاردەهێنرێت.