ئەنجوومەنی راژەی عێراق: بەستەری ئەلیکترۆنی بۆ دامەزراندنی 31 هەزار کەس کارا دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی عێراق وادەی دامەزراندنی 31 هەزار خاوەن بڕوانامە ئاشکرادەکات و دەڵێت، 15ـی ئاداری ئەم ساڵ لەڕێگەی بەستەری ئەلیکترۆنییەوە دەتوانن فۆرمی دامەزراندنەکە پڕبکەنەوە، هەروەها گوتیشی، نزیکەی 250 هەزار کەسیش بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێنرێن.
 
د. سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، داوایان لە وەزارەتەکان کردووە، پێویستی فەرمانبەرانیان بۆ دامەزراندن پێبدەن و ئێستا ئاماری تەواویان لەبەردەستە و دەڵێت, "هەموو فەرمانگەکان کە داوا دەکەن کارمەندیان لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا و لە پلە و پێگەی هەمەجۆردا بۆ دابین بکەین. ئەنجوومەنی راژە بەدەم ئەو داخوازییانەوە دەچێت و ئەمەش بەگوێرەی مادەی 13 لە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023 دەبێت." 
 
ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی راژە گوتی، "ئەنجوومەنی فیدراڵیی راژەی گشتی پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لە یاسای بودجەدا هاتوون و هەموو ئەو بڕیارانەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دێن، بۆیە کاتێک باسی ئەو پلە و ئەرکانە دەکەین کە ئێستا لەبەردەستن، باسی هەندێ وەزیفەی دیاریکراو دەکەین کە یاسای بودجەی گشتی دەستنیشانی کردوون یان ئەوانەی لە بڕیارە تایبەتەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەستنیشان کراون."
 
د. سەعد لامی باس لەوەش دەکات: "ئەنجوومەنەکەیان سەرپەرشتیی دامەزراندنی 31 هەزار دەرچووی زانکۆکان دەکات بەگوێرەی یاسای بودجە. رۆژی 15ـی ئادار بەستەری ئەلیکترۆنی کارا دەکرێت بۆ وەرگرتنی داواکاریی دامەزراندن."
 
لەبارەی ئەوەی ژمارەی ئەوانەی بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن چۆن دابەشکراون، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی عێراق گوتی: "150 هەزار کەس بۆ پارێزگاکان، 37 هەزار کەس بۆ وەزارەتی ناوخۆ، 50 هەزار کەس بۆ وەزارەتی پەروەردە، 10 هەزار کەس بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن."
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا سەعد لامی ئاماژەی بەوەدا ئێستا هەنگاوێکی دیکە چوونەتە پێشەوە و دەستیانکردووە بە دامەزراندنی بەشێکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆکان و لەپێش هەموویشیانەوە دەرچووانی دەستپێشخەریی فێرکاری، واتە ئەوانەی لەسەر خەرجیی نووسینگەی سەرۆکوەزیران خوێندوویانە و هەروەها ئەوانەشی لەڕێی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون بۆ خوێندن و ئەوانەشی لە چوارچێوەی زەمالە بۆ خوێندن رەوانە کراون. 
 
ئەنجوومەنی راژە هەروەها بەشێکی زۆر لەوانەشی گەڕاندووەتەوە سەر کارەکانیان کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشابوونەوە و تەنانەت لە دەزگا ئەمنییەکانیشدا.
 
د. سەعد لامی دەڵێت: "ئێستا ئەنجوومەنی فیدراڵیی راژەی گشتی بووەتە یەکێک لە گرنگترین پایەکانی دەوڵەتی عێراق، بەتایبەتیش ئەو میکانیزمە ئەلیکترۆنیەی ئێستا قسەی لەسەر دەکەین، بڕێکی زۆر لە دادپەروەری  تێدایە لە مەسەلەی دامەزراندن."
 
گوتەبێژەکە جەختیکردەوە کە چاویان لەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا پلەی وەزیفیی زیاتر دابین بکەن بۆ هەموو بوارەکانی پسپۆڕی و شارەزایی، بەتایبەتیش کە کەرتە جیاوازەکانی دەوڵەت "کێشەی زۆریان" هەیە لە ژمارەی کەمی کادیرانی ناوەندی کە خاوەنی شارەزایین و دامەزراوەکانی دەوڵەت زۆرتر پێویستیان بەوان هەیە، تاوەکو ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی بەرزن.
 
بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی راژە، لە عێراق نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر هەن، بەڵام گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژە پێشبینی دەکات، ئەو ژمارەیە بگاتە نزیکەی چوار ملیۆن فەرمانبەر. هەروەها دەرفەتی دامەزراندنی زیاتر لە عێراق هەیە.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژە گوتی: "نزیکەی 150 هەزار هەلی کار بۆ پارێزگاکان و پارێزگا هەیە بە سیفەتی گرێبەست و لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا 10 هەزار پلەی وەزیفی بۆ تەرخان کراوە، ئەمانە گرێبەستن. بۆ وەزارەتی بەرگریش هەروەها، یاسای بودجە شوێنی بۆ کردووەتەوە. یاساکە بۆ وەزارەتی ناوخۆش 37 هەزار پلەی بەسیفەتی گرێبەست دیاری کردووە و هەروەها 50 هەزار پلەش بە سیفەتی گرێبەست کە بۆ وەزارەتی پەروەردە تەرخان کراوە، کەواتە مەسەلەی ژمارەی ئەوانەی بە گرێبەست لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا وەرگیراون، رەنگە لەم کاتەدا نەتوانم بە وردی پێتان بڵێم، بەڵام رەنگە ژمارەکە بگاتە سنووری چوار ملیۆن کەس هەتا دەگەینە کۆتایی ساڵی داهاتوو یان کۆتایی ئەمساڵ."
 
بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، 31 هەزار کەس لە دەرچووانی زانکۆکان و خاوەن بڕوانامەکان دادەمەزرێندرێن و ئەنجوومەنی راژەی عێراق، سەرپەرشتیی دامەزراندنی ئەو 31 هەزار کەسە دەکات.
 
لەبارەی وردەکاریی دامەزراندنی گرێبەستیش لە وەزارەتەکانی بەرگری و پەروەردە و پارێزگاکانیش، ئەو گوتەبێژە گوتی: "31 هەزار کەس لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکان. لە یاسای بودجەدا هەروەها باسی 150 هەزار گرێبەست هەیە بۆ هەندێ لە پارێزگاکان، ئەمە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندایە نەک دەسەڵاتی ئەنجوومەنی فیدراڵیی راژەی گشتی. 
 
بێجگە لەمە باسی گرێبەستی دیکەشی کرد، لەوانە،  10 هەزار پلەی وەزیفی بۆ وەزارەتی بەرگری کە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی راژەدا نییە. هەروەها 37 هەزار  گرێبەست کە تایبەتە بە وەزارەتی نێوخۆ، کە ئەمەش دیسان پەیوەندی بە ئەنجوومەنی راژەی گشتییەوە نییە. لەگەڵ 50 هەزاری گرێبەست کە بۆ وەزارەتی پەروەردە، کە ئەمەشیان پەیوەندی بە ئەنجوومەنی راژە نییە. 
 
هەروەها سەعد لامی گوتی، کە هەندێک لەوانەی دەکەونە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی ئەوان، ئەو کەسانەن کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەندێ لە فەرمانگەکان هەڵوەشاوەتەوە و کاری ئەنجوومەنەکە ئەوەیە بیانگەڕێننەوە و ئەوەش بەگوێرەی ئەو داتا و زانیارییانە دەبێت کە لە وەزارەتەکان و دامەزراوەکانەوە بۆ ئەنجوومەنی راژە نێردراون.
 
بڕیارە فۆڕمی دامەزراندن بۆ ئەو 31 هەزار کەسە، لەلایەن ئەنجوومەنی راژەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی بڵاوبکرێتەوە، لەوبارەوە گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژە رایگەیاند، "بەستەرە ئەلیکترۆنییەکە، رۆژی 15ی ئاداری داهاتوو کارا دەکرێ. ئەوانەی دەتوانن لەوێوە داوا پێشکێش بکەن، ئەوانەن کە لەلایەن کۆلێژەکانیان و زانکۆکانیانەوە کۆدیان پێدراوە."
 
سەبارەت بە لە پێشترێتی بۆ دامەزراندن، سەعد لامی گوتی, "بە پلەی یەکەم داوای ئەوانە لەبەرچاو دەگیرێ کە دەرچووی ساڵەکانی پێشترن ئەوانەی پێش 15ی مانگی پێنجی ساڵی رابردوو کۆدیان وەرگرتووە، ئەوان لەپێشتر دەبن بۆ دامەزراندن، پاش ئەوان دەرچووانی ساڵەکانی دیکە دێن، مەبەستم ئەوانەی کۆدی دیکەیان وەرگرتووە."