عێراق و ئێران رێککەوتن دەروازە نافەرمییەکان دابخەن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانى دەروازە سنورییەکانى عێراق و ئێران لەسەر هەشت خاڵ رێککەوتن، لەوانە؛ داخستنى دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان و رێگەکانى بەقاچاخبردن و بنبڕکردنى قاچاخچێتیى ماددەى هۆشبەر.
ئەو رێککەوتنە لە کۆبوونەوەیەکدا بووە کە لە بەغدا لە نێوان شاندێکى دەروازە سنوورییەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران و شاندێکى دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە 1ـى شوباتى 2023 واژۆکراوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق، گرنگترین بڕیارەکان کە هەردوولا واژۆیان کردووە بریتین لە داخستنى دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان و رێگەکانى بەقاچاخبردنى نێوانیان و بنبڕکردنى قاچاخچێتیى ماددەى هۆشبەر لە رێگەى ئاڵوگۆڕى زانیاری و تووندکردنەوەى پشکنینەکان.
رۆژی 1ـى شوباتى 2023، ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو دەروازانەى لە سنوورى هەرێمى کوردستانن هەموویان فەرمین و دانپێدانراون و لەلایەن پاسەوانى سنوورەوە دەپارێزرێن."
لە یەکێک لە خاڵەکانى دیکەى رێککەوتنەکەدا هاتووە کە لەمەودوا هاوردەکردنى دەرمان لە کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە لە رێگەى دەروازەى مونزریە دەبێت کە دەکەوێتە سنوورى قەزاى خانەقین لە پارێزگاى دیالە و لە دیوى ئێران بەستراوە بە پارێزگاى کرماشانى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە.