شەوى سەری ساڵ 45 ئاگر لە عێراق کەوتوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریى شارستانیى عێراق رایگەیاند، لە شەوى سەری ساڵدا 45 ئاگر لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشووری عێراق کەوتوونەتەوە. دەشڵێت، 25یان بەهۆى یارى ئاگرینەوە بوون.
رۆژی 1ى کانوونى دووەمى 2023، نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریى شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: شەوى سەری ساڵ 45 ئاگر کەوتنەوە لە پارێزگاکانى عێراق تۆمارکراون، 25یان بەهۆى یارى ئاگرینەوە بوون و زۆینەى ئاگر کەوتنەوەکان لە بەغدا بوون.
نەواس سەباح شاکر گوتیشى: "مەترسیدارترین ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکى بازرگانى ناوچەى بەتاوینى بەغدا بوو کە بەهۆیەوە خێزانێک لە نێو باڵەخانەکە گیریان خوارد، زۆربەى ئاگرکەوتنەوەکان نزیک کاژێر 12:00ى شەو بووە، بەهۆى ئەو رووداوانەوە 150 کەس بریندار بوون کە 20یان برینەکانیان نزیک بووە لە چاویانەوە."
بەگوێرەى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق، ساڵى 2022، تێکڕاى ئەو ئاگرکەوتنەوانەى تۆمارکراون، گەیشتوونەتە 32 هەزار و 477 ئاگرکەوتنەوە.