لە کامێراکانی چاودێرییەوە بەدواداچوون بۆ پابەندیی ژنان بە باڵاپۆشی دەکرێت


رووداو - هەولێر

رووبەڕووبوونەوەی حکومەتی ئێران لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی پابەندی باڵاپۆشی نابن، رۆژبەڕۆژ تووندتر دەبێت. هەر ئافرەتێک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، بە پارەی کاش لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە سزادەدرێت و سزاکانیشی زیادکردووە.
 
محەممەد ساڵح هاشمی، سکرتێری ناوەندی هاندان بۆ چاکە و دوورخستنەوە لە خراپەی ئێران دەڵێت: "کەسێک لە شوێنە گشتییەکانی وەک میترۆ و، وێستەگەی پاس یان شوێنێک کە کەس ناتوانێت بە باشی کۆنترۆڵی بکات، کامێرای چاودێری هەیە و وێنە لەو کەسانە دەگرێت کە کردەوەی خراپیان هەیە یان باڵانەپۆشن. پێویست ناکات دەستگیربکرێت. وێنەکەی لەگەڵ کارتی نیشتمانییەکەی بەراورد دەکرێت و بە پارەیەکی کاشی کاریگەر سزا دەدرێت."
 
بەپێی ماددەی 638ی دەستووری ئێران، "پابەندنەبوون بە حیجاب تاوانە" و ئەوانەی پابەندی ئەو ماددەیە نابن، بە تاوانبار هەژمار دەکرێن و سزادەدرێن. 
 
کابینەی ئیبراهیم رەئیسی بەنێوی دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵگە، ئەو پێگەیەی بە پۆلیس داوە کە تووندتر لە هەموو کاتێکی دیکە ئەو یاسایە جێبەجێ بکات.
 
ئەنسیە خەزعەلی، راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان گوتی: "ئیرشاد بە واتای رێنوێنی کردنە و بەو واتایە دێت کە دەبێ ئاسایش بۆ ژنانی کۆمەڵگە دابین بکرێت. هەڵسوکەوتەکانیش دەبێ بەپێی ئەم واتایە و بەڕێزەوە بن. هیوادارین ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە زۆربەی هەڵسوکەوتەکان نەگونجاون. جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بەدەست ئێمە نییە و بەدەست هێزەکانی پۆلیسە، بۆیە نابێ لە پێگەی پۆلیس بدرێت."
 
بەگوتەی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەم رێکارانە تەنیا لەو شوێنە گشتییانە نییە کە ناوەندی هاندان بە چاکە و دوورخستنەوە لە خراپە باسی دەکات. بڕیارە لە دامودەزگا حکومییەکانیش ئەم رێکارانە بگیرێنەبەر و ناوەندەکە باس لەوەش دەکات کە بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی زانستیی زانکۆکان، کچان و کوڕان جیا دەکاتەوە و زیاتر چاودێریی باڵاپۆشیش لە زانکۆکان دەکات.
 
محەممەد ساڵح هاشمی، سکرتێری ناوەندی هاندان بە چاکە و دوورخستنەوە لە خراپەی ئێران باسی لەوەش کرد: "لە زانکۆکانمان هیچ ئاستێکی زانستی بەدی ناکرێت. رەنگە زۆر کەس نەوێرن ئەمە بڵێن. لە بواری رۆحیشەوە تێکچووە. بۆچی جیا نەکرێنەوە؟ ئەویش نەک هەر یەک لە پۆلێکی جیا، دەتوانین یەکسەر زانکۆکانی کچان و کوڕان جیا بکەینەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی سەربەخۆوە. سەیر ئەوەیە خێزانەکان زۆر پێشوازی لەو بڕیارەی ئێمە دەکەن."
 
رەنگە مەبەستی پێشوازیی خێزانەکان لە بڕیاری ناوەندی هاندان بە چاکە و دوورخستنەوە لە خراپەی ئێران ئەو دیمەنانە بێت کە رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە و، خەڵک رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس دەبنەوە بۆ کۆنترۆڵی باڵاپۆشیی ژنان و کچان.