چوار مانگی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت
رووداو- هەولێر
چوار مانگی دیکە خەڵکی ئێران بە هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە، دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی دەیەمین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، ئەگەرچی لە 9 خولی رابردوودا تەنیا لە خولی یەکەم بەشدارییان کردووە و ئەنجامی ئەو یەک خولەش هەڵوەشێندرایەوە، بەڵام لە ئێستاوە چاودێری پرۆسەکە دەکەن و بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی تایبەتیشیان پێکهێناوە.
ئەنوەر محەممەدی بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە(تۆڕی میدیایی رووداو)-ی راگەیاند" ئێمە هێشتا خۆمان یەكلایی نەكردووەتەوە كە پشتیوانی یاخود بایكۆتی هەڵبژاردنەكان دەكەین، بەڵام رابەری كۆمەڵە دەستیكردووە بە دروستكردنی كۆمیسیۆنێكی تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی نێو خۆی ئێران تاوەكو بتوانین لەو رێگەیەوە ئاگاداری پێشهاتەكان بین ".
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکوو ئێستا لەبارەی هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان جموجووڵەکان دەستیپێکردووە.
جگە لە بەربژێرە سەربەخۆکان، بەرەی یەکگرتووی کورد کە تەنیا رێکخراوی سیاسی ئاشکرای ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە رایگەیاندووە" بە شێوەی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکات".
هەروەها لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی ریفۆرمخوازان پێکهاتووە کە سەر بە رەوتی گشتی ریفۆرمخوازانن لە ئێران. بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پێیان باشە، بەربژێرە کوردەکان بەشێوەی سەربەخۆ و لە چوارچێوەی رەوتە کوردییەکاندا بەشداری هەڵبژاردن ببن.
محەممەد حەكیمی جێگری پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)-ی راگەیاند:" ئێمە پێمان باشە كە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێران ریفۆرمخوازەكان بە سەربەخۆیانە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن و نەبنە پاشكۆی ریفۆرمخوازەكانی ئێران و ئەوان خاوەن دەنگی خۆیان بن كاریگەرییان زیاتر دەبێ"
رۆژی 26ی شوباتی 2016، دەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت. پەرلەمانی ئێران 290 ئەندامی هەیە. چوار پارێزگای ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ 27 پەرلەمانتاریان هەیە و ناوچەی لۆڕستانیش بەگشتی 23 نوێنەری لە پەرلەمانی ئێراندا هەیە، بەشێک لەو نوێنەرانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەچنە پەرلەمان ئازەرین، بەڵام زۆربەیان کوردن.
سەرەڕای ئەوەش تەنیا لە خولی شەشەمی پەرلەمان کە زۆرینەی بەدەست ریفۆرمخوازانەوە بوو، فراکسیۆنێکی تایبەت بە نوێنەرانی کورد پێکهاتبوو.