لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەی هاوسەرگیری روو لە دابەزینە
رووداو دیجیتاڵ
دۆخی خراپی ئابووریی ئێران بووەتەهۆی بێهیوابوونی گەنجان بە داهاتوویان، بەوەش رێژەی هاوسەرگیری لە نێو گەنجاندا روو لە دابەزینە. بەرپرسانیش تاوەکو ئێستا چەندینجار هۆشدارییان لە دابەزینی رێژەی هاوسەرگیری بەهۆی قەیرانی داراییەوە داوە.
گەنجێک کە ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە دەڵێت، "سەبارەت بەوەی کە دەتوانین داهاتوویەک بۆ خۆمان دەستەبەر بکەین، نیگەرانین. شەو دەخەوی و بەیانی هەڵدەستی دەبینی هەموو شتێک گران بووە. کتوپڕ نرخی دۆلار بەرزدەبێتەوە و لەگەڵیدا نرخی هەموو شتێک بەرزدەبێتەوە، سەیر دەکەی بەردەوام تووشی زیان دەبیت. خۆت بە تەنیا بیت، کێشە نییە هەرچەندیش زیانت بەربکەوێت، بەڵام کاتێک بەرپرسیارێتیی خێزانت دەکەوێتە ئەستۆ، شتەکە جیاواز دەبێت".
بەگوێرەی راپۆرتێکی میدیای فەرمیی حکومەتی ئێران، لە ساڵی 2011ـەوە بۆ 2020 رێژەی هاوسەرگیری لەو وڵاتە 36٪ دابەزیوە، هاوکات لەو ماوەشدا 45٪ هاوسەرگیرییەکان بە جیابوونەوە کۆتاییان هاتووە. بەپێی راپۆرتەکە لەهەر سێ هاوسەرگیریی ساڵی رابردوو، ئەنجامی یەکێکیان جیابوونەوە بووە.
ئاستی مامناوەندی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئێران 25 ساڵە و پارێزگای ورمێ و ئیلام دوو لەو پارێزگایانەی رۆژهەڵاتی کوردستانن کە ئاستی مامناوەندی تەمەنی هاوسەرگیری تێیاندا 26 ساڵە و پارێزگای کرماشانیش لەو رووەوە زۆرترین رێژەی هەیە. ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێت؛ نزیکەی 10 ملیۆن گەنج لە تەمەنی هاوسەرگیریدان، بەڵام هێشتا هەلی هاوسەرگیرییان بۆ نەڕەخساوە.
عەلی ئەکبەر مەحزوون، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرژمێری ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێت، "نزیکەی 9 ملیۆن و 800 هەزار گەنجی سەڵت هەیە کە لە تەمەنی هاوسەرگیریدان. ئەو تەمەنەی کە ئێمە دیاریمانکردووە بۆ هاوسەرگیری، لە پیاواندا لەنێوان 15 بۆ 35 ساڵ و لە کچانیشدا 18 بۆ 29 ساڵە. ئەو ژمارەیەش کە باسم کرد هەموویان لەو تەمەنەدان و هێشتا هاوسەرگیرییان نەکردووە. 5 ملیۆن و 400 هەزاری ئەو ژمارەش کوڕان و 4 ملیۆن و 400 هەزاریشیان کچانن."
مانگی رابردوو ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی ئێران چەند پێشنیازێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوسەرگیری ئامادەکرد کە تێیدا باس لە چەند خاڵ دەکات؛ لەوانە رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان، رەخساندنی هەلی بەرهەمهێنان و دامەزرانی کارگەی بچووک، چالاککردنی ئەو کار و پیشانەی پێویستیان بە بڕوانامەی زانکۆ نییە و هەروەها رەخساندنی هەل یکاری سەربەخۆ لە پارێزگا پەراوێزخراوەکان.
چەند ساڵە بەرپرسانی حکومەت لە ئێران هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی تەمەنی هاوسەرگیری دەدەن و دەڵێن، ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە چەند ساڵی داهاتوودا گەشەی دانیشتووانی ئێران یەکسان دەبێت بە سفر.