ئێران: هێرشمان بکرێتە سەر بنکەی دیێگۆ گارسیا دەکەینە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ

ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "ئەگەر هێرشم بکرێتە سەر، بنکەی دیێگۆ گارسیا دەکەمە ئامانج".
 
دیێگۆ گارسیا، دوورگەیەکە بە رووبەری 30 کیلۆمەتر دووجا، سەر بە بەریتانیایە، دەکەوێتە زەریای هیندی بە دووری سێ هەزار و 800 کیلۆمەتر لە باشووری ئێران.
 
لە دوورگەی دیێگۆ گارسیادا بنکەیەکی سەربازی تێدایە بە هەمان ناوی دوورگەکە و سەر بە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیایە، بەڵام بە رێککەوتنێكی ساڵی 1966، بنکەکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئەمریکا و ئێستا بە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت لە رێگەیەوە کۆنترۆڵی دەریا و ئاسمانی بەشی زۆری ناوچەکانی ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا دەکات.
 
رۆژی شەممە، بەرپرسێكی باڵای ئێرانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، "لە وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەرمان، بنکەی سەربازی دیێگۆ گارسیا دەکرێتە ئامانج".
 
بە درێژایی هەفتەی رابردوو، ئەمریکا ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی  ناردووەتە ئەو بنکە سەربازییە، هەندێ سەرچاوە باس لە 4 بۆ 5 فڕۆکەی جەنگی جۆری بی2 دەکەن کە جۆری شەبەحە و رادار بەزێنە. ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی بە دووری نازانن لە ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بنکەی دیێگۆ گارسیا بەکاربهێنن کە جگە لە هێزی ئەمریکی، هێزێکی بچووکی بەریتانیشی تێدایە.
 
ئەو بەرپرسە باڵا ئێرانییە دەشڵێت، "ئەگەر ئێران بکرێتە ئامانج ئەو کات گرنگ نییە چ سەربازێک لە دیێگۆ گارسیا هەن، چ ئەمریکی بێت، بەریتانی یان تورک هەموویان دەبنە ئامانجی هێرشەکانی ئێران".
 
ئەو ئاماژەشی بە توانای مووشەک و درۆنی ئێران کرد و گوتی، "بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بازنەی رەسەدی مووشەک و درۆنەکانی ئێرانن و دەتوانن بە وردیش ئامانجەکانیان بپێکن".
 
مەودای مووشەکی جۆری "خوڕەم شەهر" و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی " شاهید 136- بی" نزیکەی 4 هەزار کیلۆمەترە، لە کاتێكدا دوورگەکە 3.8 هەزار کیلۆمەتر لە باشووری ئێرانەوە دوورە.