لە ئێران ساڵانە 27 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا گیان لەدەستدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی پاراستنی ژینگە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ساڵانە 27 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی کەشوهەواوە گیان لەدەستدەدەن.
سومەیە رەفیعی، سەرۆکی لیژنەی پاراستنی ژینگە لە پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ هەینی، 29-9-2023، لە تاران گوتی، هەموو بەرپرسان قسە لەسەر پیسبوونی کەشوهەوا دەکەن، بەڵام لە کاتی دیاریکردنی بودجەدا، بودجەی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگە و پیسیی کەشوهەوا، لادەبرێت.
رەفیعی دەڵێت، ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا لەو وڵاتە "زۆر" بەرزبووەتەوە. بەپێی ئامارێک کە لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران وەریانگرتووە، ساڵانە 27 هەزار کەس بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی پاراستنی ژینگە لە پەرلەمانی ئێران، لە پلانی حەوتەمی گەشەپێدانی ئەو وڵاتەدا کە لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت، بڕگەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوا دیاریکراوە و هیوادارن لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەنگی پێبدرێت، تاوەکو بودجە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە تەرخان بکرێت.