لە سێ مانگی دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسیدا 112 کورد بە هۆکاری سیاسی دەستبەسەرکراون

 
رووداو دیجیتاڵ

زۆربەی ئەندامانی ئەم کابینەیەی حکومەتی ئێران پلەی سەربازییان هەیە و لە سوپای پاسداران و ئیتڵاعاتەوە بوونەتە بەرپرسی حکومەت. بوونی ئەو هەمووە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییە لە کابینەی حکومەتدا، نیگەرانییەکان لە خراپتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەی زیاتر کردووە.
 
لە نزیکەی سێ مانگی رابردوودا کە کابینەی ئیبراهیم رەئیسی دەستبەکاربووە، لانیکەم 112 هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دەستبەسەرکراون، ژمارەیەک کە بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر بووە لە هەمان ماوەدا لە ساڵانی رابردوو.
 
دەستبەسەرکردنی گەنجان و چالاکڤانانی مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعات و سوپای پاسداران شتێکی تازە نییە. زۆربەی ئەوانەی دەستبەسەر دەکرێن، تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکان و دژایەتیکردنی دەسەڵاتیان دەدرێتەپاڵ. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لە گیراوەکان چالاکڤانی کولتووری و ژینگەیین و کار لەسەر بابەتی وەکو فێرکردنی زمانی کوردی و کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان دەکەن.
 
جاوید رەحمان، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران لە راپۆرتی ساڵانەیدا رایگەیاند، دەسەڵاتی ئێران گوشاری زیاتر دەخاتەسەر پێکهاتە نەتەوەییەکان و مافەکانیان پێشێل دەکات.
 
هەروەها ئەو ریپۆرتەرە تایبەتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەشڵێت، ئێران چالاکڤانانی پێکهاتەکانی وەکو کورد و بەلووچ زیاتر لە سێدارە دەدات و 53%ی لەسێدارەدراوانی سیاسیی ئەو وڵاتە کوردن. لە ساڵی 2010وە تاوەکو 2020 لانیکەم 129 کەس لە ئێران بە هۆکاری سیاسی لەسێدارەدراون کە 68یان کورد بوون.