سوپای پاسدارانی ئێران درۆن و موشەکی نوێ لە کرماشان نمایش دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران لە پێشەنگایەکدا نوێترین درۆن و  مووشەک و کەلوپەلی سەربازییەکانی دیکەی نمایشکردووە؛ بۆ پیشاندانی تواناکانی خۆیان، رێگە بە هەموو کەس دەدرێت بچنە پێشەنگاکە و کەلوپەلە نمایشکراوەکان ببینن. 
 
سەعید بەهەشتی راد، جێگری فەرماندەی سوپای نەبی ئەکرەم لە پارێزگای کرماشان دەڵێت، هۆکاری ئەوەی ئێستا دوژمنان هەڕەشەی هێرشی سەربازیی ناکەن ئەوەیە سوپای پاسداران توانیویانە کەلوپەل و ئامێری پێشکەوتووی سەربازیی بەرهەمبێنن.
 
بەهمەن رەیحانی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان، لەبارەی بەرەوپێشچوونە سەربازییەکانی وڵاتەکەی گوتی، "دەسکەوتەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق بووە هۆی ئەوەی هەژموونی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بشکێنین، ئێمە لە بەرگری پیرۆزدا فێربووین کە دەتوانین پشت بە خۆمان ببەستین، لە دوژمنەکان نەترسین، لاواز نەبین و ناچارییان بکەین پاشەکشێ بکەن."
 
درۆنی شاهید-136 پێشکەوتووترین درۆنی ئێرانە و لە پێشەنگاکەدا نمایشکراوە.  درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە، سێ مەتر و نیو درێژە و 200 کیلۆیە و بەگوتەی بەرپرسانی سوپای پاسداران، دەتوانێت دوو هەزار کیلۆمەتر بە خێرایی 185 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بفڕێت.
 
دەگوترێت، ئێران لەم جۆرە درۆنەی بە رووسیا داوە، لە شەڕی دژ بە ئۆکراینادا بەکاریهێناوە، بەڵام لە هەندێ بەڵگەنامەی حکومەتی ئۆکرانیادا هاتووە، بەشێکی زۆر و گرنگی کەلوپەلەکانی ئەم درۆنە بەرهەمی وڵاتانی ئەوروپایە.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە کە دوو رۆژ لەمەوبەر بۆ راگەیاندنەکان دزەی کردووە، 62 بەشی کەلوپەلەکانی شاهید- 136 بەرهەمی کۆمپانیا رۆژئاواییەکانن، بۆ نموونە کۆمپانیاکانی ئەمریکا، سویسرا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، کەنەدا و ژاپۆن و پۆڵەندا. 57 بەش لە کەلوپەلەکانی شاهید - 136 لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا دروستکراون.
 
موشەکی خەیبەرشکێن، هەر بە ناوەکەیدا ئاماژەیە بۆ دژایەتیکردنی جووەکان. مووشەکێکی بالیستییە و دەتوانێت لە دووری هەزار و 450 کیلۆمەتر ئامانج بپێکێت، ئەم مووشەکە نەوەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی موشەکە لە ئێران، وەکو پێشکەوتنێکی گەورە لە بواری بەرەوپێشچوونە سەربازییەکانی ئێران لە قەڵەم دەدرێت.
 
هێرشی مووشەکی بۆ ئێران ئەزموونێکی نوێ نیە، ساڵی 2017 لە نزیک کرماشانەوە بە مووشەکی مامناوەندبڕ، داعشی لە ناوچەی دێرەلزووری سووریا کردە ئامانج. 
 
ناوەندی توێژینەی ئالما، ناوەندێکی ئیسرائیلییە، راپۆرتێکی سەبارەت بە سوپای پاسداران بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان، زیاتر لە 100 شوێنی نهێنی هەڵگرتنی مووشەکی بالیستی هەیە، ناوەندەکە دەڵێت، هێرشە مووشەکیەکەی ساڵی 2020 بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و عێراق، لەم ناوچەیەوە کراوە.