ئەحمەدی نەژاد بایکۆت، خاتەمی هۆشدار و خامنەیی داوای بەشداریی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوەکان بە رەتکردنەوەی شیاوێتی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەردەوامن. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سەرۆککۆمارێکی پێشوو بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات و رێبەری ئێرانیش دەڵێت، بەگوێیان مەکەن و بەشداریی بکەن.
 
دۆخی سیاسیی ئەم رۆژانەی ئێران لە چل ساڵی رابردوو هاوشێوەی نەبووە. یەکەمجارە لە ناوخۆی ئێران سەرۆککۆمارێکی پێشوو بە فەرمی بایکۆتی هەڵبژاردن رابگەیێنێت و ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆییش بە ئاشکرا گومان بخەنە سەر پرۆسەکە. 
 
راگەیاندنی ناوی بەربژێرەکان لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانیی دەستوور دۆخی هەڵبژاردنی شڵەژاند. تەنیا بەرەی ریفۆرمخوازەکان نەبوون کە هاواریان لێ بەرزبووەوە بەڵکو لە بەرەی دەسەڵاتیش ناڕەزایەتی هەبوو و کار گەیشتە ئەوەی سادق لاریجانی بڵێت، ئەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی پاسەوانیی دەستوور هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و کەس ناتوانێ پارێزگاریی لێبکات. ئەگەرچی رۆژی دواتر پەشیمان بووە و پاشەکشەی لە قسەکانی کرد.
 
زۆرترین چاوەکان لەسەر مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێرانە کە پێش حەسەن رووحانی بۆ ماوەی 8 ساڵ سەرۆککۆماری ئێران بوو.
 
ئەحمەدی نەژاد لە سەرۆککۆماری دڵخوازی رێبەری ئێرانەوە ئێستا بووەتە ئۆپۆزیسیۆنی ژمارە یەک و وایلێهاتووە بەرزترین بەرپرسی ئەمنیی پایتەختی ئێران بچێتە ماڵەکەی و هۆشداریی پێبدات لە ئەگەری هەر جووڵەیەک کە دۆخی ئەمنیی ئێران بخاتە مەترسییەوە.
 
خولی پێشووی هەڵبژاردن بە ئەحمەدی نەژاد راگەیێندرابوو کە نابێ بەشداریی هەڵبژاردن بکات چونکە رێبەری ئێران رای لەسەری نییە و شیاوەتیی رەتدەکرێتەوە. بەڵام بۆ ئەم خولە ئەحمەدی نەژاد خۆی بەربژێر کرد و هۆشداریی دا کە ئەگەر رەتبکرێتەوە بەشداریی هەڵبژاردن ناکات و بایکۆتی دەکات. کە ئەمە بۆ یەکەمجارە بەرپرسێکی باڵای ئێران کە دوو خول سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە و ئێستاش ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە، بە فەرمی بایکۆتی هەڵبژاردن بکات و هەموو هێڵە سوورەکان ببەزێنێت.
 
مەحموود ئەحمەدی نەژاد رۆژی رابردوو لە پەیامێکی ڤیدیۆیی رایگەیاند: "ئەوەی روویداوە سووکایەتی بە گەلی ئێران و پێشێلکردنی دەستوور بوو، پاشەکشێ ناکەم تاوەکو کاتێک کە مافی خەڵک بەدیدێت، دەبێت لە تەلەڤزیۆنەوە بە بەڵگەوە بڵێن بۆچی شیاوبوونی منیان رەتکردووەتەوە. لەخۆڕا رەتتان کردووەتەوە، واتە لەجێی خەڵک بڕیارتان داوە. ئەمە پەراوێزخستنی خەڵکە".  
 
کاردانەوەکان تادێت روونتر و ئاشکراتر دەبن. دەنگی ناڕەزایەتییەکان بڵندتر و دژایەتیکردنی پرۆسەکە راشکاوتر دەبن. محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووتری ریفۆرمخوازی ئێران کە بە رێبەری ریفۆرمخوازانی ئێران دادەنرێت دەڵێت: "ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە و رەوتە جیاوازەکانی لە بەربژێری گونجاوی خۆیان بێبەش کردووە، دەنگی خەڵکی رەتکردووەتەوە، کۆماریبوونی ئێرانی خستووەتە مەترسی جدییەوە. و خاتەمی لە کۆتاییدا هۆشداریی دەدات و دەڵێت: "رەوتە سیاسییەکان ناتوانن و نابێت چاوپۆشی لەم مەترسییە بکەن". 
 
حەسەن خومەینی، کوڕەزای روحۆڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیش رۆژی چوارشەممە، هۆشداریی دا کە ئەمجۆرە هەڵسوکەوتانە گورزی کوشندە لە کۆماری ئیسلامی دەدەن و دەڵێت:" ئەگەر من لەجێی ئەو کەسانەش بوومایە کە شیاوییان پەسندکراوە، دەکشامەوە چونکە حکومەتی داهاتوو کە لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە بێتەسەر کار، توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە".
 
حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی رێبەری ئێران ناردووە و باسی مەترسییەکانی رەتکردنەوەی شیاویەتیی ئەو ژمارە زۆرەی بەربژێرەکانی کردووە هەڵبژاردن دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هێشتا ئومێدێک لە بەرەی ریفۆرمخوازان مابوو کە رێبەری ئێران بە حوکمێکی حکومەتیی، بەشێک لە بەربژێرەکان بگەڕێنێتەوە و تەنووری هەڵبژاردن گەرمبکاتەوە، بەڵام هەرزوو خامنەیی بێهیوای کردن.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-5-2021 لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لەگەڵ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئێران، پشتگیری لە بڕیاری ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور کرد. ئەوانەی شیاوبوونیان رەتکراوەتەوە داوای لێیان کرد رێز لە بڕیاری ئەنجوومەنی پاراستنی دەستور بگرن، داوای لە خەڵکیش کرد بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن و گوێ بە قسەی ئەوانە نەدەن کە دەڵێن هەڵبژاردن قازانجێکی نییە.
 
بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە رۆژی هەینییەوە دەستپێدەکەن. هەڵبژاردنێک کە لەگەڵ ناڕەزایەتی زۆر و ئەگەری بەشداریی کەمی خەڵک بەرەوڕووە و ئەمجارە کەمپەینەکانی بایکۆت و دەنگنەدان زۆر زیاتر لە خولەکانی پێشوو دەبیسترێن.